مەلا بەختیار لەسەر ڕووداوی 31ی ئاب ڕوونکردنەوە دەدات

مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی یەكێتی كە لەئێستادا بەهۆی نیگەرانیەكانیەوە بەشداری کۆبوونەوە باڵاکانی حزبەکەی ناکات رونكردنەوەیەكی لەسەر هۆكاری باسنەكردنی 31ی ئاب لە یادی شەهید ئازاد هەورامیدا بڵاوكردەوە.

مەلا بەختیار، لە پۆستێكدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بە ناونیشانی (یادی ئازاد هەورامی و بەیاننامەكەی مەكتەبی سیاسی) نوسیویەتی،"لەیادی شەهید ئازاد هەورامیدا، حەسرەتی شەهیدكردنیم بەناونیشانی (31ی ئابی شوم) نوسی. رێكەوتی یادەكە لە 31ی ئابدا، لەسەر ئەوەی یادی شەهیدم نەبەستۆتەوە بە 31ی ئابی پارتی، كاردانەوەی دەیان كۆمێنتی لێكەوتەوە". 

مەلا بەختیار بە دوو خاڵ رونكردنەوەی داوە و نوسیویەتی،"یەكەم: یادی شەهیدبونی ئازاد هەورامی، هەشت ساڵ پێش 31ی ئابی (1996)ە. منیش لەسەر شەهیدم نوسیوە، نەك روداوی دیكە".دەشڵێت"دوەم: لەساڵی (1999)و، لەدوای رێككەوتنی واشنتۆنەوە، راگەیاندنی یەكێتی باسی 31/ی ئابی كردو كاردانەوەی خراپی لێكەوتەوە. بۆیە یەكێتی و پارتی، لەكۆبونەوەی رەسمیدا، رێككەوتوین كە نە ئەوان باسی سەردەمی جەلالی بكەن و نە ئێمەش باسی 31ی ئاب بكەین. سەرۆك مام جەلال مەكتەبی راگەیاندنی لەمبارەیەوە، ئاگاداركردەوە".

لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەیدا، مەلا بەختیار رایگەیاندوە،"لەوساوە، مەكتەبی سیاسی و راگەیاندنی رەسمی یەكێتی، توخنی ئەم كێشە نالەبارانە نەكەوتون. بەندەش هەمو ساڵێك لەیادی شەهید ئازاددا، فرمێسكە وتارم نوسیوە، لەبەر رێككەوتنی نێوانیشمان، باسی 31ی ئابی پارتی، لەلایەن بەندەو هیچ بەرپرسێكی یەكێتی و ئۆرگانێكی رەسمیەوە، نەكراوە".

دەشڵێت،"ئەمڕۆ بەیاننامەكەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیم، لەیادی شەهید ئازاددا، خوێندەوە. دورو نزیك، بەیاننامەكە، توخنی روداوی 31ی ئاب نەكەوتوە. كە مەكتەبی سیاسیش، خۆی لەقەرەی روداوەكە نەدابێ‌، ئیتر من بە چ مافێكی سیاسی، كە دوریش كەوتومەتەوە لە كۆبونەوەكان، ماف بەخۆم بدەم، دوای پێكهێنانی حكومەتی هاوبەشیش، قەتماغەی روداوە جەرگبڕەكان هەڵبدەمەوە. سەرئەنجام ببمە هۆی ئەوەی، پارتیەكانیش، باسی روداوی جەرگبڕی تر بكەن دژی یەكێتی!"

لە كۆتاییدا دەڵێت،"لەبەر ئەوەی رەخنەكان، زۆربەیان لە پەرۆشیانەوە بۆ یەكێتی لەسەر وتارەكە نوسراوە، گەردنیان ئازاد بێ‌، بەڵام تاك تاكیان، ئاشكرایە، قورمیشكراوی پێش كۆنگرەی تەكەتولن، دڵنیام زۆر نابات، دەزانن ئەقڵیەتی تەكەتولی بێ‌ بنەمای ئایدیۆلۆژی، چ زیانێكی گەورەتر بە یەكێتی دەگەیەنێ‌".


PM:06:13:01/09/2019