دادگای تورکیا بڕیاری ئازادکردنی دەمیرتاش-یدا

دادگای سینجانی ئەنقەرە بڕیاری ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاشی لە دۆسیەی سەرەکی دەرکرد، بەڵام بەهۆی دۆسییەکانی دیکەوە لە گرتووخانە دەمێنێتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 2ی ئەیلولی 2019 دانیشتنێکی دیکەی دادگاییکردنی دەمیرتاش لە دادگای 19ی سزا قورسەکانی ئەنقەرە بەڕێوەچوو. دەمیرتاش لەڕێگەی تەلەکۆنفرانسەوە بەرگریی لە خۆی کرد.

لە دانیشتنەکەدا دەمیرتاش لە دۆسیەی تۆمەتەکانی ''بەڕێوەبردنی رێکخراوی تیرۆریستی، بانگەشەکردن بۆ رێکخراوی تیرۆریستی، پێشێلکردنی یاسای خۆپێشاندان و رێپێوان، هاندانی خەڵک بۆ رق و کینە، هاندانی خەڵک بۆ پابەندنەبوون بە یاسا، هاندان بۆ ئەنجامدانی تاوان، پێداهەڵگوتن بە تاوان و تاوانباران'' دادگاییکرا و دوای تەواوبوونی دانیشتنەکە لیژنەی دادوەری، بە کۆی دەنگ بڕیاری "ئازادکردن بە مەرجی دادوەری" لەو دۆسیەیە کە دۆسیەی سەرەکییە، بۆ دەمیرتاش دەرکرد.

دەمیرتاش وتی "بەهۆی ئەوەی مەحکوومم، ئێستا لە گرتووخانەدام، هیوای بەخێر بۆ دادگایی دادپەروەرانە دەخوازم".

بەهۆی دۆسیەکانی دیکەی، سەڵاحەدین دەمیرتاش لە گرتووخانە دەمێنێتەوە و لە دانیشتنەکانی داهاتوودا و لەو دۆسیانەی ماون، بە بەشداریی پارێزەرانی بەرگری لە خۆی دەکات.

سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە مانگی تشرینی دوورمی 2016ـەوە لەسەر چەند دۆسیەیەک زیندانی کراوە. 

دەمیرتاش لە ساڵی 2014 کاندید بوو بۆ سەرۆک کۆماری تورکیا و لە 9.77%ی دەنگەکانی بەدەستهێنا. لە ساڵی 2018ـەش لە زیندانەوە کاندید بوو بۆ سەرۆککۆماری و لە 8.40%ی دەنگەکانی بەدەستهێنا.






PM:05:11:02/09/2019