لە رۆژئاوای کوردستان رێگا نادرێت نووسینگەی کەناڵی کوردستان ٢٤ کاربکات

بەڕیوبەرایەتی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان نووسینگەی کوردستان ٢٤ دادەخات.

کەناڵی کوردستان ٢٤ کە نووسینگەی سەرەکی لە هەولێرە، رایگەیاند نووسینگەی کەناڵەکەیان لە رۆژئاوای کوردستان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی خۆسەرەوە داخراوە.

ئه‌مڕۆ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا، دامه‌زراوه‌ی كوردستان24 بۆ توێژینه‌وه‌ و راگه‌یاندن، رایگەیاند"مایەی نیگەرانییە مانگێك زیاترە به‌ بڕیاری چه‌ند كه‌سێكی ناو ئیداره‌ی رۆژئاوای كوردستان و به‌بێ هیچ هۆكارێكی واقیعی، كاركردنی دامه‌زراوه‌كه‌مان له‌ رۆژئاوای كوردستان (باكووری سووریا) راگیراوه‌ و مۆڵه‌ته‌كه‌شیان هه‌ڵپه‌ساردووین".

هەروەها هاتووە" لەو ماوەیەش ھەوڵ و دانووستانمان لەگەڵ ئیدارەی رۆژئاوا  بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانمان، بێ ئەنجام بووە، بۆیە بە ھەموو لایەکی رادەگەیەنین، بڕیارماندا چیتر چاوەڕوان نەبین و بە ناچاری نووسینگەکەمان لەو وڵاتە، دابخەین و پشت بە سەرچاوەی دیکەی زانیاری میدیایی لە شار و شارۆچکە و ناوچە جیاوازەکانی رۆژئاوای کوردستان ببەستین، کە رەنگە ئەمەش بەپێی خواست و ویستی ئێمە نەبێت".

کوردستان ٢٤ دەڵێت "رێگریکردن لە کاری ئێمە لەلایەن ئیدارەی باکووری سووریاوە، جگە لەوەی دژی ئازادی رۆژنامەوانی و پرەنسیپەکانی دیموکراتییە، ئاماژەیەکی خراپ و ترسناکیشە بۆ شێوازی ئیدارەکردن و ئازادییەکانی تاك و کاری میدیایی و سیاسی، کە لەو رووەوە بەردەوام رەخنە لە دەسەڵاتدارانی ئیدارەی باکووری سووریا دەگیرێ و ئەمەش دەبێتە بەڵگەیەکی دیکە".


PM:11:38:02/09/2019