کۆبونەوەی سەرکردایەتی یەکێتی بەندە بەگەڕانەوەی بەرهەم ساڵحەوە

بڕیارە ڕۆژی پێنج شەممە ٥/٩/٢٠١٩ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی کۆببێتەوە، و مەبەستی کۆبونەوەکەش گفتوگۆکردنی کاتی بەستنی کۆنگرە و چەند پرسێکی دیکەیە.

سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کورستان بە سپی میدیای ڕاگەیاند، ئەگەر بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق بگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان ئەوا بەدڵنیایی ڕۆژی پێنج شەممە کۆبونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی بەڕێوەدەچێت.

سەبارەت بە مەبەستی کۆبونەوەکە وتی ، لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیدا پرسی پەیوەندیەکانی هەرێم و بەغدا، کێشەکانی کەرکوک و هەروەها دیاریکردنی ڕۆژێک بۆ بەستنی کۆنگرە تاوتوێ دەکرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، پێشتر و بە بیانوی جیاواز کۆبونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسی کۆنگرە دواخراوە، بەڵام ئەمجارە مەکتەبی ڕێکخستنی یەکێتی پێشنیاری کردووە کە ٢١ی تشرنی یەکەم کە ڕۆژی شەهیدانی یەکێتیە کۆنگرە ببەسترێت.



PM:12:06:03/09/2019