بەهۆی بەشدارییان لە ریفراندۆم و هەڵکردنی
ئاڵای کوردستان لێکۆڵینەوە لە پۆلیس و ئەفسەرانی کورد لە کەرکوک دەکرێت و
ژمارەیەکیان بانگهێشت کران.
بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی عیراق، لە كەركوك لێكۆڵینەوە
لە پۆلیس و ئەفسەرانی كورد دەستیپێكرد و لە یەكەم هەنگاودا 11 پۆلیس و ئەفسەر بۆ لێكۆڵینەوە
بانگهێشتكران، ئەوەش بە تۆمەتی بەشداریكردنیان لە ریفراندۆم و هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی
كوردستان لە ساڵی 2017.
بەپێی هەواڵێکی "کەرکوک ناو" یەكشەممە
یەكی ئەیلول، 11 پۆلیس و ئەفسەری كورد لە بنكەی پۆلیسی عەرەفەوە بانگهێشتی كاروباری
ناوخۆ كران بۆ لێكۆڵینەوە و دواتر بە كەفالەت ئازادكران. ئەوەش بەپێی بڕیارێك كە لەهەمان
رۆژدا ئاراستەی بنكەكانی پۆلیسی كەركوك كراوە.
یەكێك لەو 11 پۆلیس و ئەفسەرە كە لە بنكەی پۆلیسی
عەرەفە دەوام دەكات و لەترسی لێپێچینەوە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، دەڵێت
"بانگهێشتی کاروباری ناوخۆ كراین و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكردین دەربارەی ئەوەی
بەشداریمانكردبێت لە ئەنجامدانی ریفراندۆم و هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستان".
وتیشی "دادوەرێكی سەربازی پرسیاری لێکردین
کە رۆژی ریفراندۆم لەکوێ بوین و چیمان دەكرد؟ دەنگمان چۆنداوە بە ریفڕاندۆم؟ لەگەڵ
چەند پرسیارێكی تر، دوای وەرگرتنی وتەکانمان پێیانڕاگەیاندین کە دەتوانن بڕۆن".
سەرچاوەیەكی باڵا لە پۆلیسی كەركوك لەمبارەیەوە
دەڵێت "بەپێی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی عیراق كە لە یەكی ئەیلول گشتێنراوە بەسەر
بنكەكاندا، داواكراوە ئەو پۆلیس و ئەفسەرانەی كە بەشدارییان لە ریفراندۆم و هەڵكردنی
ئاڵای هەرێمی كوردستاندا كردووە بچن بۆ كاروباری ناوخۆ بۆ لێكۆڵینەوە".
وتیشی "ئەوانەی لەچەند رۆژی رابردودا لێكۆڵینەوەیان
لەگەڵدا كراوە هەمویان كورد بون و بە كەفالەت ئازادكراون، ئەگەر تۆمەتەكان
راستبونایە و كەیسێكی پەیوەست بە ئاسایشی وڵاتیان لەسەر بوایە بە كەفالەت
ئازادناكران، بڕیارەكەش بۆ تەواوی بنكەكانی پۆلیس گشتێنراوە نەك تەنیا بنكەی پۆلیسی
عەرەفە".
ئەوەش لەكاتێكدایە، دوشەممەی رابردوو عەمید ئەفراسیاو
کامیل، وتەبێژی پۆلیسی کەرکوک، رەتیكردەوە هیچ كارمەندێك لە بنكەی پۆلیسی عەرەفە و
لەسەر بەشداریكردن لە پرسی ریفراندۆم بانگهێشتی كاروباری ناوخۆ كرابێت بۆ لێكۆڵینەوە.