ڕاگەیەندراوێک لە مەکتەبی سیاسی یەکێتیەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆبووەوە و بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکەش ڕۆژی شەممە جارێکیتر مەکتەبی سیاسی لەبارەی دیاریکردنی ڕۆژی کۆنگرەوە کۆدەبێتەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ (4/9/2019) به‌سه‌رپه‌رشتى كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لى جێگرى سكرتێرى گشتى‌و ئاماده‌بوونى د.به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح جێگرى دووه‌مى سكرتێرى گشتى، مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان كۆبونه‌وه‌ى ئاسایى خۆی له‌ سلێمانى ئه‌نجامدا. 

  له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا، دوایین پێشهات‌و گۆڕانكارییه‌ سیاسیه‌كانى كوردستان‌و عیراق‌و ناوچه‌كه‌، هه‌ڵسه‌نگاندنى كاروبارى حزبى‌و رێكخراوه‌یى، به‌تایبه‌تى به‌ستنى چواره‌مین كۆنگره‌ى یه‌كێتى تاوتوێ كران. 

  له‌باره‌ى چواره‌مین كۆنگره‌وه‌، جه‌ختكرایه‌وه‌، كه‌ ئاماده‌كارى پێویست له‌ماوه‌ی دیاریكراودا، ته‌واوبكرێت، له‌ كۆبونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى دا، كه‌ رۆژى شه‌ممه‌ى داهاتوو لەسلێمانی لەبارەگای مەکتەبی سیاسی به‌رێوه‌ده‌چێت، ئه‌و پێشنیاز‌و رێوشوێنانه‌ى بۆ به‌ستنى كۆنگره‌یه‌كى سه‌ركه‌وتووى هه‌ڤاڵانه‌ له‌ئارادان، تاوتوێ ده‌كرێن به‌مه‌به‌ستى په‌سه‌ندكردنیان. 

   له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا، كاروبارى حكومه‌تى هه‌رێم هه‌ڵسه‌نگێنرا، له‌مرووه‌وه‌، جه‌خت كرایه‌وه‌ له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنى ته‌واوى ناوه‌رۆكى رێكه‌وتنى سیاسى نێوان یه‌كێتى‌و پارتى و  كارنامه‌ى حكومه‌ت.  

  كۆبونه‌وه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسى، به‌پێویستى ده‌زانێت، بۆ ئه‌م قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌ لیستێكى هاوبه‌شى كوردستانى، به‌به‌شدارى لایه‌نه‌ سیاسیه‌ كوردستانیه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكانى عیراق پێكبهێنرێت، به‌تایبه‌تى له‌ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان،  كه‌ بڕیاره‌ له‌ (1)ى نیسانى ساڵى داهاتوو به‌رێوه‌ بچێت.



ئه‌م بابه‌ته ‌1644 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:07:20:04/09/2019