پێش کۆنگرە یەکێتی پەیوەندیە کۆمەڵایەتییەکانی نێو سەرکردەکان چاکدەکات

لە کاتێکدا یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەرەو کۆنگرە دەچێت، کار بۆ ئەوە دەکرێت سەرەتا پەیوەندیە کۆمەڵایەتییەکانی نێوان بەرپرسانی ئەو حیزبە چاکبکرێت بۆئەوەی زەمینە بۆ تەوافقی رێکخراوەیی نێو جەمسەرە جیاوازەکانی یەکێتی خۆشبکرێت.

چەند رۆژێکە هەندێک لە بەرپرسانی یەکێتی سەرقاڵی چاککردنی پەیوەندیە کۆمەڵایەتییەکانی نێوان سەرکردەکانن، بۆئەوەی لەکەشێکی کۆمەڵایەتی باشدا بچنە کۆنگرەوەو پێش وەختیش لەسەر پۆستەکانی رێکبکەون.

سپی، لەسەرچاوەیەکی بەرپرسی نێو ئەو حیزبەوە زانیوویەتی  لەچەند رۆژی رابردوودا ئەو هەوڵانە چڕبوونەتەوەو، لەوانە بافڵ تاڵەبانی کوڕە گەورەی تاڵەبانی لە دەباشان کەشێکی "کۆمەڵایەتی و هاورێیانە" وەک سەرچاوەکەی سپی وتی، بۆ د. بەرهەم ساڵح و مەلا بەختیار دروستکردووە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە ئەو دیدارە بۆ دەستەبەرکردنی کەشێکی کۆمەڵایەتیە نێوان باڵە ناکۆکەکانە پێش کۆنگرە، تا بتوانن دواتر لەسەر مێزێک دابنیشن و تەوافق لەسەر دابەشکردنی پۆستە باڵاکانی نێو سەرکردایەتی ئەو حیزب بکەن. 

سەبارەت بەناکۆکیەکانی نێوان ماڵی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد و لەتیف رەشید و محەمەد سابیر لەگەڵ کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح، ئێستا هەوڵێک لە ئارادایە لەلایەن هەردوولاوە تا کۆنگرە دەبەسترێت ئەو پەیوەندیە کۆمەڵایەتیانەی نێوان ئەو دوو جەمسەرەش چاکبکریت. هەرچەندە بۆچوونێکی دیکەش لە ئارادایە کە کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح مامەڵە لەگەڵ هەردوو کوڕەکەی تاڵەبانی، بافڵ و قوباد بکەن و، هەر ئەوانیش راسپێرن کە چارەسەری ئەو ناکۆکیانە بۆ ئەوان جێبهێڵن.
 
 هەروەها سەبارەت بە کۆتایی هێنانی کێشەی نێوان ئاسۆ ئەڵمانی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سیروانی کوێخا نەجم ئەندامی سەرکردایەتی ئەو حیزبە، بە هاندانی چەند بەرپرسێکی یەکێتی، لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی سەرقاڵی چارەسەری کێشەکەن و، رۆژی هەینی ٦ ی ئەیلول خەڵکانی دیاری نێو عه‌شیره‌تەکەی سیروان کوێخا کە عەشرەتی شوانە، سه‌ردانی ئاسۆ مامەند  ناسراو به‌ ئاسۆ ئه‌ڵمانیان کردووە، لەو سەردانەدا بەپێی زانیاریەکانی سپی ئاسۆ ئەڵمانی پێیڕاگەیاندوون "ئەگەر دان بەوەدا بنێت کە ئەو ویستوویەتی ئەو کارە ئەمنیە بکات و داوای لێبوردن بکات، من لای خۆمەوە لێیدەبوورم"، لەنێوان ئەم دوو بەرپرسەی یەکێتیشدا هەوڵەکان بەڕووە کۆمەڵایەتییەکەیدا بەردەوامە.

بەستنی کۆنگرەی یەکێتی، نزیکەی سێ مانگی ماوە، ئایا ناکۆکی لەسەر دەسەڵات و سەروەت و سامان، بەردەوام دەبێت، یان لەپێناو پاراستنی ئەو بەرژەوەندیانەدا جەمسەرەکان کۆنگرەیەکی تەوافقی دەکەن، مێژووی یەکێتی و کۆنگرەو کۆنفراسەکانی هەردوو حاڵەتەکەی تێدابووە، بەڵام ئەو دەمە تاڵەبانییەک  سکرتێری گشتی بووە، کە تەنافەکە لەکوێدا پچڕابێت توانیوویەتی گرێکوێرەکانی بکاتەوەو گرێیبداتەوە، ئایا بەبێ تاڵەبانی ئەو تەنافە گرێدەدرێتەوە؟! ٢ی کانوونی یەکەم، رۆژی حیساب و رۆژی ئەو تەناف و گرێدانەوەیە.
  



PM:09:23:07/09/2019