هەولێر...شوانێك خۆی‌ كردە قوربانی‌ مەڕەكەی

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر رایدەگەیەنێت، لە رووداوێكی هاتوچۆدا لە سەر رێگای هەریر و قەندیل شوانێك کەوتە ژێر بارهەڵگرێکەوە و گیانی لەدەستدا.

فازل حاجی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر لەپەیجی فەرمی خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردوەتەوە" شوانێك لەكاتی لەوەڕاندنی مەڕەكانیدا لەسەر رێگای نێوان هەریر قەندیل لە نزیك گوندی گولەك دەكەوێتە ژێر بارهەڵگرێكەوە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە".

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر ئاماژەی بەوەشكرد: كاتێك یەكێك لە مەڕەكانی شوانەكە دەچێتە سەر شەقامەكەو بە هۆیەوە شوانەكەش بەپەلە رادەكاتە سەرشەقامەكەو لەو كاتەدا بارهەڵگرێك رۆشتووە و بۆ ئەوەی لە شوانەكە نەدات برێكی راكێشاوە بەڵام بەهۆیەوە وەردەگەڕێت و شوانەكە دەكەوێتە ژێر بارهەڵگرەكەوە.

فازل حاجی دەشڵێت، جگە لە گیان لەدەستدانی شوانەكە شۆفێرەكەش بە سەختی بریندار بوو و دوای یەك كاتژمێر تواندرا رزگار بكرێت و رەوانەی نەخۆشخانە بكرێت.



AM:08:52:09/09/2019