پڕۆ گۆڕان: خانەی ڕاپەراندن و جڤاتی نیشتمانی بێ شەرعیەت خەریکی کودەتایەکی ترن

پرۆژەی گۆڕان کە ژمارەیەک هەڵسوڕاوی گۆڕانن لەسەر هەڵبژاردنی رێکخەری گشتی و  خانەی راپەڕاندن بەیاننامەیەکیان دەرکردو رایدەگەیەنن" ئەو خانەی ڕاپەڕاندن و جڤاتی نیشتمانییەی هیچ شەرعیەتێکیان نەماوە خەریکی کودەتایەکی ترن".

لە بەیاننامەیەکدا کە دانەیەکی بۆ سپی نێردراوە، پرۆ گۆڕان دەڵێن" دەرکەوت لە بری ئەوەی کار بۆ گۆڕانکاری بنەرەتی لە سیستەمی حوکمرانیدا بکەن سیستەمەکە ئەوانی گۆڕی و کردینە پاشکۆیەکی لاوازی بێدەنگ".

ئەو بەیاننامەیە لە کاتێکدایە کە شەپۆلی ناڕەزایی و دەستلەکارکێشانەوە لەنێو ئەو بزووتنەوەیەدا لە‌ هەڵکشاندایەو دوێنێ ١٠ ی ئەیلول ٦ ئەندامی جڤاتی گشتی دەستیان لە کاركێشایەوە.

دەقی بەیاننامەکە

  کودەتایەکی تری دەسەڵاتدارانی گۆڕان بەسەر پرۆسەی چاکسازی و گۆڕانکاریدا

گۆڕانخوازان، هەڵسوڕاوانی دڵسۆز...
پرۆگۆڕان لەڕوانگەی باوەڕی بەهێزی بە بوژاندنەوەو ڕێکخستنەوەی پرسەکانی گۆڕانکاری و چاکسازی و گەڕانەوەی ئومێد بۆ سەدان هەزار هاوڵاتی لەباشوری کوردستان کار بۆ روداوەکان و هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکات، لەم پرۆسەیەدا بێ جیاوازی  یاخود بە ئامانج گرتنی هێزێکی تایبەت تێرامان و هەڵوێست و کارنامەی خۆی بۆ جەماوەری کوردستانی بەیان دەکات.
کاتێک نیەتی دەسەڵاتدارانی گۆڕان بۆ بەشداربون لە حکومەتی هەرێم ئاشکرابو ڕاشکاوانە ڕامان گەیاند کەئەو پرۆسەیە دەبێت هاوتەریب لە گەڵ دەستپێکردنی جدی بۆ چاکسازی و گۆڕانکاری ناو بزوتنەوەکە بەڕێوە بچێت، داواشمانکرد چارەی رەوشی تێکچوی گۆڕان بە پێداچونەوە و دارشتنەوەی دەستەجەمعی ئەنجام بدرێت.
دەسەڵاتدارانی گۆڕان ئەم داوایەی ئێمە و دەیان هەڵسوراو و گروپ و ئاراستەی تری ناو بزوتنەوەکەیان پشتگوێ خست، بەردەوام بون لە سەپاندنی تاکڕەوی و تەکەتولگەری بۆ دەرپەڕاندنی دەنگە ناڕازی و یاخیبوەکان لە گۆڕان.
دوای پێکهێنانی کابینەی نوێ و شێوازی بەشداربون و دانانی کاندیدەکانی گۆڕان سەلمێندرا دەسەڵاتدارانی گۆڕان تاکڕەوانە و لە سەر بنەماکانی تەکەتولگەری و دابینکردنی بەرژەوەندیە تایبەتیەکانی خۆیان و دەورو بەریان بڕیاریان لەو هەنگاوانە داوە. ئەم نیەت و شێوازی بەرێوەبردنە لادانێکی گەورەیە لە پرەنسیپەکانی گۆڕانکاری، چونکە دەرکەوت لە بری ئەوەی کار بۆ گۆڕانکاری بنەرەتی لە سیستەمی حوکمرانیدا بکەن سیستەمەکە ئەوانی گۆڕی و کردینە پاشکۆیەکی لاوازی بێدەنگ. ئەمەش ئاماژەی زیندون بۆ بێئومێدی و داڕمانی ئیرادەی گۆڕانکاری و چاکسازی لە  زهن و ناخی دەسەڵاتدارانی گۆڕاندا.
ئەم گروپە بەپشتگیری پشت پەردەی وارسەکانی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا سەرقاڵی ئەنجامدانی کودەتایەکی ترن بەسەر پرەنسیپە بنەڕەتیەکانی هزری گۆڕانکاری و ئەو رێڕەوە گەورەیەی نەوشیروان مستەفا بۆ ئەو مەبەستە دایڕشتبو.
لەکاتێکدا رەوشی ناوخۆی گۆڕان رۆژ دوای رۆژ بەرەو هەڵدێری گەورەتر دەبەن و بەدەیان ئەندامی جڤاتی گشتی و نیشتمانی و هەڵسوڕاو  دەستیان لەکار کشاندۆتەوە، زیادە بۆ ئەمەش خانەی ڕاپەراندن و جڤاتی نیشتمانی شەرعیەتی دەستوریان نەماوەو وەک  دوو دەزگای خۆسەپێنەر حسابیان بۆ دەکرێت، بەگرتبونەوە و کۆبونەوەی شانۆگەری چەواشەکار خواستیانە هەرزان بەها درێژە بە تەمەنی دەسەڵاتی ناشەرعیان بەسەر بزوتنەوەی گۆڕاندا بدەن، بۆ ئەو مەبەستەش بێجگە لە پێشێلکردنی بەهاکانی گۆڕانکاری و دەستوری بزوتنەوەکە پێڕەوی کڕینی وەلا و کۆیلایەتی چەند نەفەس لاوازێکی دەزگاکانی گۆڕانیان کردوە. لێرەو لەوێش بە پارەی زەوتکراو لەموڵکی گشتی و خێر و بەرەکەتی هێزە دەسەڵاتدارەکان مەبەستیانە لە ١٤ ی سێپتەمبەر ئەو کودەتا قێزەوەنە بەرێبکەن.
لەکاتێکدا ڕاشکاوانە ئەم کودەتایە بە توندی ڕەتدەکەینەوە هاوکاتیش ڕای دەگەیەنین پابەندبونمان لە هەر شوێن و کاتێکدا بێت تەنها بەپرەنسیپەکانی پرسی گۆڕانکاری و چاکسازیە لەکۆمەڵگا و حوکمرانیدا و ژیانی سیاسیدا، 
بۆ ئەو مەبەستەش هەموو ڕیگا و ڕیکارە مەدەنی و سیاسی و یاساییەکان بە هەماهەنگی و پشتیوانی جەماوەری ناڕازی کوردستان دەگرینە بەر.    
                                          پرۆگۆڕان    /١١ سێپتەمبەر ٢٠١٩  



ئه‌م بابه‌ته ‌4600 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:04:33:11/09/2019