وتەبێژی حکوومەت وادەی سەردانی وەفی هەرێم بۆ بەغدا ئاشکرادەکات

وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند هەفتەی داهاتوو شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا ده‌کات.

جوتیار عادل وتەبێژی حکوومەت رایگەیاند سەردانەكە بە مەبەستی گفتوگۆ و ئالوگۆڕکردنی زانیاری لەسەر پرسی بودجە و بەشداریی هەرێمی کوردستان لە قۆناخی سەرەتای ئامادەکردنی رەشنووسی بودجەی ساڵی 2020 لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەبێت و دەڵێت: هەرێمی کوردستان به‌ گوێره‌ی ده‌ستوور نیازی رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراقی فیدڕاڵدا هەیە له‌سه‌ر سه‌رجه‌م كێشه‌كان.

لەبارەی ئامانجی سەردانەکەش وتەبێژی فەرمیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند كە پرسگه‌لێك هه‌ن پێویستیان بەچاره‌سه‌ری هەیە له‌گه‌ڵ به‌غدا، گرنگترینیان پرسی بودجه‌ و ئه‌و كێشانه‌ن كه‌ تا ئێستە له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به‌ هه‌ڵواسراوی ماونه‌ته‌وه‌.

له‌باره‌ی پڕۆژەی سەرژمێریشەوە لە عێراق، کە بڕیارە ساڵی 2020 ئەنجام بدرێت، وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند لێژنەیەکی تایبەت بۆ هەڵسەنگاندنی پڕۆژەی سەرژمێرییەکە رەچاوکردنی بەرژەوەندی کوردستانییان بە هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانەوە پێكده‌هێندرێت، گوتیشی لەمبارەوە داوای جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140 ده‌كه‌ن.

ئەوەش لەکاتێکدایە ئەمڕۆ شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی  عێراق، سەبارەت بە پرسی بوودجە و نەوتی هەرێم و ئەگەری ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا بە "سپی" ڕاگەیاند "بەپێی ئەو زانیاریانەی لە حکومەتی هەرێم بڵاوکراوەتەوە ناوی ئەندامانی وەفدەکەیان ناردووە بۆ بەغداد، کە تیایدا تاوتوێی پرسی بوودجە و نەوت و ماددەی ١٤٠ و ناوچە دابڕێنراوەکانی هەرێم دەکرێت".

وتیشی:  لەسەر مەلەفی نەوت و بودجە ئاستەنگ زۆر ماوە، پێویستە بە وردی چارەسەری ئەم ئاستەنگانە بكرێت.

جەختیشیكردەوە هەرێم 24 ملیار دۆلار قەرزدارە و دەبێت لەو ڕێككەوتنەدا حسابی بۆ بكرێت، بەڵام تا ئێستا نازانرێت وەڵامدانەوەی بەغدا چی دەبێت بۆ داوا و پێشنیارەكانی هەرێم، بەڵام وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاندووە ئەوان مەبدەئین لەگەڵ هەرێم ڕێككەوتوون تەنیا ووردەكاری ماوە ئەویش بە لایەنی هونەری دەسپێردرێت.





PM:07:21:11/09/2019