ڕۆحانی و ماکرۆن پەیوەندیەکی تەلەفونیان ئەنجامدا


حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران و ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا پەیوەندییەكی تەلەفونیان ئەنجامدا و پرسی ڕێککەوتنی ئەتۆمیان تاوتوێکرد.

میدیاكانی ئێران بڵاویانکردەوە رۆحانی لەو پەیوەندیە تەلەفۆنیەدا ئاماژەی بەوەشكردوە، ئامادەن پابەندبنەوە بە رێكەوتنی ئەتۆمی ئەگەر یەكێتی ئەوروپا پابەند بێت و تەئكیدیشی لەوەكردەوە: كۆبوونەوە لەگەڵ وڵاتانی پێنج كۆ یەكدا تەنها پاش هەڵگرتنی سزاكانی سەر وڵاتەكەی دەبێت.

حەسەن رۆحانی ئەوەشی خستەڕوو: بەندەكانی رێككەوتنی ئەتۆمی هەلێكی باش بووە بۆ وەبەرهێنان لە ئابووری وڵاتاندا و تەئكیدیشی لە گرنگی رۆڵی یەكێتی ئەوروپا و بە تایبەتی فەرەنسا كرد بۆ پاراستنی رێككەوتنەكە.

هاوكات لای خۆیەوە ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا ئاماژەی بەوەكرد: لە هەوڵەكانیان بەردەوام دەبن بۆ جێبەجێكردنی رێكەوتنەكە و گەیشتنە لێكتێگەیشتن دووپاتیشیكردەوە لە گفتوگۆكانیان بەردەوام دەبن.

ئەمەش لەكاتێكدایە هەر ئەمرۆ وەزیری خەزێنەی ئەمەریكا بە میدیاكانی وەڵاتەكەی ڕاگەیاندوە، كۆبوونەوە لەگەڵ حەسەن رۆحانی لەپلانی دۆناڵد تڕەمپدا نییە.

دوێنێش حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران لە لێدوانێكیدا رایگەیاندبوو، ئەمریكا دەبێت لەوە تێبگات شەرفرۆشتن لە بەرژەوەندی ئەواندا نییە و پێویستە واشنتۆن واز لەسیاسەتی شەڕانگێزی بهێنێت.



PM:05:39:12/09/2019