عەبدولستار مەجید: ئەو قۆناغە تێپەڕی کە پەیوەندیەکانمان لەگەڵ پارتی سارد بوو

عه‌بدولستار مه‌جید رایگەیاند، ئەو قۆناغە تێپەڕی کەپه‌یوەندییەکانمان لەگەڵ پارتی سارد بوو لەبەر هەر هۆکارێک بێت"، دەشڵێت مامۆستا عەلی باپیر بە بارزانی ڕاگەیاندووە "ئەگەر ڕەخنەیەکمان گرتبێت بەتوند زانرابێت ئەوا هەر لەدڵسۆزیمان بووە بۆ هەرێمی کوردستان".

عه‌بدولستار مه‌جید، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و هاوکات سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان بە دەنگی ئەمریکای رایگەیاند  سەردانەکەی وەفدی کۆمەڵی ئیسلامی بەسەرۆکایەتی عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی بۆلای مەسعود بارزانی، سەرەتایەک بو بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ پارتی و سەردانەکە لەچوارچێوەی بڕیاری مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی کۆمه‌ڵ بوە کە لەدوای 30/9 ئێمە پێمان وابوە دۆخی کوردستان چۆتە دۆخێکی جیاوازەوە، پێمانوابوە دەبێت پەیوەندییەکانمان ئاسایی بکەینەوە لەگەڵ ئەو لایەنانەی کە پەیوەندییەکانمان نا ئاسایین یا باش نین، وەلەگەڵ پارتیشدا پەیوەندییەکانمان بەدۆخێکی سارددا تێپەڕیوە.

 

ئەو ئه‌ندامەی مه‌كته‌بی سیاسی کۆمەڵ دەڵێت"ئێمە ئەوەمان ڕونکردۆتەوە کە ئێمە ئۆپۆزسیۆنی حیزب و فراكسیۆنە بەشدارەكانی ناو حکومەت نین، ئێمە ئۆپۆزسیۆنی حکومەتین، بۆیە ئێمە بەپێی عورفی دەولی دەکرێت هەندێک لەحیزبەکان لە حکومەت بن وە هەندێکیشیان ئۆپۆزسیۆن بن، بەڵام دەکرێت فراکسیۆنەکان باشترین پەیوەندییان هەبێت بۆ بەرژەوەندی گشتی".

وتیشی کۆبونەوەکەیان لەگەڵ پارتیدا ئیجابی بوە و ڕونیکردەوە" ئیجابی بونەکە ئەوەبو، یەکەم دیارە، باسی ئەو قۆناغەی ڕابردو کرا کە جۆرێک لە ساردی هەبو لەنێوان هەردولامان وە جارجاریش ڕەنگە قسەو لێدوانی توند بەرامبەر یەک وترابێت ئەوە باسکرا کە لەلای هەردولاوە ئەوە کۆتایی پێهێنراوە، ئەوە قۆناغێک بو تێپەڕی، "جەنابی مامۆستا عەلی باپیر" ئەوەی ڕونکردەوە کە ئێمە ئەگەر ڕەخنەیەکمان گرتبێت بەتوند زانرابێت ئەوا هەر لەدڵسۆزیمان بوە بۆ هەرێمی کوردستان، کاک مەسعودیش باسی ئەوەی کرد، کە وتومانە بۆچی کۆمەڵی ئیسلامی وا نیگەرانە؟ 

هاوکات ڕەتیشیکردەوە لەکۆبونەوەکەیاندا باسی مەرجەعی کوردستان یا پێکهێنانی ئەنجومەنی باڵای پارتە سیاسیەکان کرابێت، ڕاشیگه‌یاند" نە لەکۆبونەوەکە نەدوای کۆبونەوە، نە پێش کۆبونەوە بەهیچ جۆرێک باسی ئەو بابەتە نەکراوە تا ئێمەش لەسەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی تاوتوێی بکەین و ڕای خۆمان بڵێین."



PM:02:36:13/09/2019