سبەی گۆڕان بەرزترین دەستەی سەرکردایەتی خۆی هەڵدەبژێرێت

بڕیارە سبەی شەممە ١٤ ی ئەیلول گۆڕان رێکخەری گشتی و خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەکەیان هەڵبژێرن.

لەو هەڵبژاردنەدا دوو  کەس خۆیان کاندیدکردووە بۆ پۆستی رێکخەری گشتی گۆڕان، کە هەریەک لە عومەری سەید عەلی رێکخەری ئێستاو شۆڕش حاجی ئەندامی خانەی راپەڕاندن.

هەروەها خانەی راپەڕاندن کە بەرێکخەرەوە ٧ کەسن و، جەمال محەمەد رۆژی پێج شەممە لەلایەن جڤاتی گشتیەوە هەڵبژێردرا، ئیستا کێ بەرکێکە جگە لە پۆستی رێکخەر لەسەر ٥ ئەندامی تری خانەی راپەڕاندنە کە ١٤ کاندید خۆیان بۆ ئەو پۆستانە هەڵبژاردووە.
 
خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان پێكدێت لە حەوت كەس كە بریتیین لە رێكخەری گشتیی و سكرتێری جڤاتی نیشتمانی و سكرتێری جڤاتی گشتیی و سكرتێری فراكسیۆنەكان و سكرتێری باژێڕوانەكان و سكرتێری ژورەكان و سكرتێری خەڵك.

کاندیدانی پۆستی ئەندامانی سكرتێری كاروباری باژێروانەكان، ئاسۆ رەحیم و شەماڵ عەبدولوەفا خۆیان كاندید كردوە.

بۆ پۆستی سكرتێری جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان، هەریەك لە عەدنان عوسمان و زمناكۆ جەلال خۆیان كاندید كردوە.

بۆ پۆستی سكرتێری كاروباری ژورەكان، هەریەك لە دەرباز محەمەد، كاردۆ محەمەد، گەیلان شێخ عومەر، خۆیان کاندیدکردووە.
جەلا جەوهەر تاکە کاندیدە بۆ پۆستی ژووری حکومەت و پەرلەمان.

بۆ پۆستی سكرتێری كاروباری خەڵك (ئاوارە سلێمان عومەر حەمە حسێن (عومەری مریەم)، مونیرە عوسمان، قارەمانی كۆیە، برزۆ مەجید، كاوەی مامە عەبە) ئەو كەسانەن كە خۆیان بۆ ئەو پۆستە كاندید كردوە.

ئەو هەڵبژاردنەی سبەی ئەنجام دەدرێت لەلایەن زۆرێک لەو هەڵسوڕاوانەی لە دوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا لە قۆناغی جیاجیادا بزووتنەوەکەیان جێهشتووە بە " نا شەرعی " دەدەنە قەڵەم و جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە جڤاتی نیشتمانی هیچ شەرعیەتێکی بەپێی دەستووری گۆڕان نەماوە تا ئێستا هەڵبژاردن ئەنجام بدات.



PM:11:12:13/09/2019