باری تەندروستی هونەرمەندێکی دیاری کورد خراپ تێکدەچێت

هونەرمەندی دیاری کورد محەمەد عەباس بارام لە دۆخێکی خراپدایە، خانمە هونەرمەندێکی ناسراویش داوایەک لە حکومەتی هەرێم دەکات.
خانمە گۆرانیبێژی ناسراوی کورد، ئەمەل سەعید کوردە لە واڵی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام ئەوە دەخاتە روو لە باری تەندروستی هونەرمەندی گۆرانیبێژی ناسراو محەمەد عەباس بارام خراپەو دووجار کیمیاوی لێدراوە.

ئەمەل سەعید کوردە دەنووسێت" چەند تاقەت پرووکێنە هەر لە غوربەتەوە تا کەرکوک و سلێمانی ڕێگای بۆ گوڵ ڕێژ بکەن خوا نەکردە نەکا دوا دیدار بێ و بێ بە میوانی بە پێی خۆی تا ئەژنۆکانی هێزی تیایە نەک لە سندوقە ڕەشەکەی بیانی بگاتەوە سلێمانی".

کوردە داوای لە حکومەتی هەرێم هەیەو دەنووسێت" تکایە....... وەک هونەرمەندێک داوااکارم لە لایەنی بەرپرس لە هەرێمی کوردستان بانگهێشت نامەیەکی فەرمی بۆ هونەرمەند "محمد عەباس بەهرام" بکەن و بگەڕێتەوە نیشتیمان چاوی بکەوێت بە خزم و کەسوکاری لە فڕۆکەخانەوە پێشوازی بکرێ بە گوڵ و شیرینی ، ئێستاکە پێویستی بەئێوەیە ڕێزو خۆشەویستی ئێوەی گەرەکە".

ئەو خانمە هونەرمەندە بە کەسەرەوە باسی نەخۆشیەکەی دەکات و دەڵێت " ئەزانن لەدوای چەند کۆرسێکی کیمیاییش هێشتا ئەو لە من و خێزانی زۆر بەهێز تر بوو؟ ئەو دڵنەوایی ئێمەی دەکردەوە؟ لەدڵەوە شیفات بۆ دەخوازم حاجی گیان ئومێد دەکەم هەر وا ورەت بەرز بێت هەتا سەر دەکەویت بەسەر گشت ئازارەکانتا".
 
محەمەد عەباس بارام یەکێکە لە گۆرانیبێژە دەنگ خۆشەکانی باشووری کوردستان و لە بنچینەدا خەڵکی کەرکوکە، بەیەکێک لە گۆرانیبێژە دەنگ خۆشەکانی ساڵانی کۆتایی حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی رابردوو هەژمار دەکرێت، خۆشترین گۆرانییەکانی کە لای خەڵک ناسراوە" پرچی زەردت"، " ئاگرێکی بێ خۆڵەمێش" و، چەندان گۆرانی دی.   

 


PM:05:28:14/09/2019