ئوسامە نجێفی بەرەیەکی نوێی سونەی پێکهێنا

 ئوسامه‌ نوجێفی کەسایەتی دیاری سونەو سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی قه‌رار له‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق به‌ره‌یه‌كی نوێی به‌ناوی "به‌ره‌ی رزگاركردن و گه‌شه‌پێدان" لە ١٤ حیزب بۆ سونەکان راگه‌یاند.

نووسینگه‌ی ئوسامه‌ نوجێفی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی قه‌رار له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق کە ٢٤ کورسی پەرلەمانیان لە پەرلەمانی عێراق هەیە، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئەوە دەخاتەروو دوای كۆبوونه‌وه‌یه‌كی‌ ناوبراو له‌گه‌ڵ‌ ژماره‌یه‌ك سیاسه‌تمه‌دار، سه‌رۆك هۆزه‌كان، بازرگانان، گه‌نجان و رۆشنبیرانی پارێزگای نه‌ینه‌وا "به‌ره‌ی رزگاركردن و گه‌شه‌پێدان"ی‌ راگه‌یاند.

هەروەها لەو راگەیاندنەدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دراوە كه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سوننه‌كانی دیكه‌ی پارێزگاكانی عیراق به‌ دیدێكی ته‌واوی سیاسی یه‌ك ده‌گرن و هه‌وڵی رێكخستنه‌وه‌ و ئه‌نجامدانی چاكسازی ده‌ده‌ن.

پێکهاتەی بەرە نوێکە پێکدێت لە ده‌سته‌ی جێبه‌جێكار، ده‌سته‌ی سیاسی و ده‌سته‌كانی پارێزگاكان، نووسینگه‌كان و لیژنه‌كان كه‌ ژماره‌یه‌ك پارت و كه‌سایه‌تی سه‌ربه‌خۆ له‌خۆده‌گرێت.

ئەو بەرەیە هەوڵدەدەن واقعی ئێستای پارێزگا سوننه‌نشینه‌كان بگۆڕن.

وتیشی: "ره‌وشی ئێستای پارێزگا سوننه‌نشینه‌كان به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ مێژوو و شارستانیه‌تی وڵاتێكی وه‌ك عیراق ناگونجێت و پێویسته‌ گه‌شه‌یان پێبدرێت".

راشیگه‌یاند كه‌ "پێویسته‌ كۆمه‌ڵگا رزگار بكه‌ین و به‌ره‌و خواستی راسته‌قینه‌ی ببه‌ین و ره‌وشی خۆشگوزه‌رانی كۆمه‌ڵگا بۆ باشكردن بگۆڕین، به‌ده‌ر له‌وه‌ش پێویسته‌ گفتوگۆی جددی و راسته‌قینه‌ هه‌بێت بۆ سه‌رخستنی پڕۆسه‌ی سیاسی له‌ عیراق".

 


PM:08:19:14/09/2019