تەڤگەری ئازادی لەسەر دەستگیرکردنی ئەندامەکانی لەلایەن پارتی یەوە راگەیاندنێکی بڵاوکردەوە

تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان سەبارەت بە گرتن و لێپێچێنەوەی ئەندامەکانیان لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان عێراق-ەوە ، لە ڕاگەیەندراوێکیدا ئیدانەکردنی ئەو کارانە دەکات.

ئەمڕۆ ١٤ ی ئەیلول تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، ڕاگەیەندراوێکی بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتووە " ماوەیەکە ئاسایشی پارتی دیموکراتی کوردسان-عێراق، لەسنوری بادینان تاکو دەگاتە سنوری سۆران بەبیانووی جودا جودا لێپێچینەوە لەگەڵ ئەندامان ولایەنگرانی تەڤگەری ئازادی دەکات و بەزۆرەملێ داوای واژۆکردنی پەیماننامەیان لێدەکەن کەنابێت پەیوەندییان بەتەڤگەری ئازادییەوە هەبێت، هەروەها داوای کەفیلیان لێدەکەن بۆ دەستهەڵگرتن لەکارکردن لەگەڵ تەڤگەری ئازادی، هۆکارەکەشی ئەوەیە نابێت لەو سنورانەدا بەرامبەر داگیرکاری دەوڵەتی تورک هیچ هەڵوێستیان هەبێت".

هەروەها لەراگەیەندراوەکەدا هاتووە " لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان بۆتە مۆڵگەی دەزگا جاسوسی و سیخوڕییەکان، ئێستاش هێزەکانی بەناو ئاسایشی پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق هەوڵ ئەدات چالاکی هەڤاڵانی ئێمە بخاتە بن چاودێری و سنورداری بکات تاکو دەوڵەتی تورکیا لەخۆیان ڕازی بکەن، ئێمە وێڕای شەرمەزارکردنی هەموو کارێکی بەو ڕەنگە، داوا دەکەین لە ڕای گشتی و گەلەکەمان هۆشیاربن بەرامبەر بەو کارانەی دەسەڵاتی پارتی و ئاسایشەکانیان ئەنجامی دەدەن".

تەڤگەری ئازادی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە"ئەو کارانە بەرتەسککردنەوەی ئازادی کاری سیاسیە و زەنگێکی خەتەریشە بەرەو دیکتاتۆرییەت بردنی حکومڕانی لەهەرێمی کوردستان، دەبێت حزب و لایەنەکانی تریش ئەوە قبوڵ نەکەن، چونکە ئەو کارانە بەناوی ئاسایشی هەرێمەوە ئەنجام دەدرێت کە حزبەکانی تریش تێیدا بەشدارن لەو حکومەتەدا، بۆیە ئەگەر حزبەکان بێدەنگبن ئەوا ئەوانیش بەشێک دەبن لەو کارە نەشیاوە".

 


PM:08:50:14/09/2019