بەغدا برێک پارەی بەرچاو دەنێرێت بۆ هەرێم


بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد ئەم ھەفتەیە حکوومەتی بەغدا ٥١ ملیار دیناری گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان ڕەوانە دەکات.
 
نەوزاد ئەدھەم، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی ڕاگەیاند: "بڕیارە لەو ھەفتەیەدا حکوومەتی بەغدا ٥١ ملیار دیناری گەنمی جووتیاران بنێرێ کە ھەر پارێزگایەک ( ھەولێر، سلێمانی،دھۆک) بڕی ١٧ ملیار دیناری بەردەکەوێت".
 
ئەو لە درێژەی قسەکانیدا کە بە ماڵپەڕی "باسی" راگەیاندووە: "دوای گەیشتنی پارەکە و بەگوێرەی کاتی پێدانی گەنمەکە، بەرنامەیەک دادەنرێت و لە زووترین کاتدا دەست دەکەین بە دابەشکردنی پارەکە بەسەر جووتیاران".
 
دەربارەی ڕەوانەکردنی پارەی سی ساڵی ( ٢٠١٤ ، ٢٠١٥، ٢٠١٦) ، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی وتی: "وێڕای چەندین نووسراو بۆیان، تا ئێستا بەغدا ئەو پارەیەی جووتیارانی ھەرێمی کوردستانی ڕەوانە نەکردووە".
 
ئاشکراشی کرد کە بە دابەشکردنی ئەو بڕە پارەیە تەنیا ٢٥ ملیار دیناری گەنمی جووتیاران کە لە ئەمساڵ ڕادەستی سایلۆکانیان کردبێت لای بەغدا دەمێنێت کە پێدەچێت ئەویش بە قۆناغێکی دی ھەمووی ڕەوانە بکرێت.
 


PM:11:59:14/09/2019