"سەرژمێری لە وادەی خۆیدا ئەنجام دەدرێت"

كۆبوونەوەی دەستەی سەرژمێری گشتی عێراق بە ئامادەبوونی شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كۆتایی هات و بڕیاردرا سەرژمێرییەكە لە وادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت، دەشڵێن "تێبینی هەموو پێكهاتەكان بە هەند وەردەگرین و رەچاوی مافی هەموو پێكهاتەكان دەكەین".

لەپاش كۆبوونەوەكە وەزیری پلاندانانی عێراق لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "بۆ تەواوكردنی سەرجەم رێكارە تەكنیكیەكان كۆبووینەوە، تاكو بتوانین لە وادەی دیاریكراو سەرژمێری ئەنجام بدەین كە مانگی 10ی ساڵی 2020 دەبێت، تێبینی هەموو پێكهاتەكانیش بە هەند وەردەگرین و رەچاوی مافی هەموو پێكهاتەكان دەكەین".

هاوكات سیروان محەمەد، ئەندامی شاندی وەزارەتی پلاندانانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا ڕایگەیاند ئەمە كۆبوونەوەی دووەمی دەستەی سەرژمێری گشتییە و كۆبوونەوەی یەكەم چوار مانگ لەمەوبەر كرا، وتیشی "بەشێوەیەكی گشتی باس لە پرۆژەكە كراوە، بابەتی بودجە و وەبەرهێنان لە پڕۆژەكە تاوتوێ كرا. هەروەها باسمان لە لۆگۆیەك كرد بۆ سەرژمێرییەكە كە رەنگدانەوەی هەموو پێكهاتەكانی عێراق بێت و زمانی كوردی تێدا بێت".

ئاماژەی بەوەشدا، پرۆسەكە وەكو پێشوو بە كاغەز ناكرێت، بەڵكو ئەلیكترۆنی دەبێت كۆبوونەوەی داهاتووش، زووتر ئەنجام دەدرێت، بۆ ئەوەش چەند راسپاردەیەكمان پێ سپێردراوە.

كۆتاجارساڵی 1997 سەرژمێری گشتی لە عێراق ئەنجامدرا كە ناوی 19 ملیۆن كەس بەبێ هەرێمی كوردستان تۆمار كران، لە ساڵانی 2007 و 2010، هەوڵی سەرژمێری لە عێراق درا، بەڵام پرۆسەكە شكستی هێنا، لە ئێستاشدا، حكوومەتی عێراق دەیەوێت بە بودجەی 200 ملیار دینار، سەرژمێری لە تەواوی پارێزگاكانی عێراق ئەنجام بدات.
 


PM:03:19:15/09/2019