پارێزگاری نوێی هەولێر بە فەڕمی دەستی بەکار کرد
ئەمڕۆ سێ شەممە ڕێکەوتی ١٧ ی ئەیلولی ٢٠١٩ بە ئامادەبوونی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، فرسەت سۆفی وەک پارێزگاری نوێی هەولێر لە بینای پارێزگای هەولێر بە فەرمی دەستی بە کارەکانی کرد.
هەرلە ڕێوڕەسمەکەدا کە نەوزاد هادی پارێزگاری پێشووی هەولێر و فرسەت سۆفی پارێزگاری نوێ ئامادەی بوون، ڕێبەر ئەحمەد، لە وتارێکدا وێڕای سپاس و پێزانین لە کار و چالاکییەکانی نەوزاد هادی لە پۆستی پارێزگاری هەولێر، هاوکات پیرۆزبایی لە فرسەت سۆفی کرد.
هاوکات نەوزاد هادی پارێزگاری پێشووی هەولێر گوتی "بێگومان پارێزگاری هەولێر کە پایتەختی هەرێمی کوردستانە، بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە و شەرەفێکی گەورەشە کە مرۆڤ بتوانێ خزمەتی ئەو خەڵکە خۆشەویستە و ئەم ئەزموونە دەوڵەمەندەی حوکمڕانیی هەرێمی کوردستان بکات".
هەروەها فرسەت سۆفی ڕایگەیاند" لێرەوە سپاسی ئەو ستافە دەکەین کە لەگەڵ کاک نەوزاد بوون و ئەوانەش کە ماون و ئەوانەش کە پێشتر کاریان کردووە، لە جێگرەوە بگرە هەتا قایمقام و بەڕێوەبەری قەزا و ناحیەکان کە وەک تیمێکی هاوکار کاریان کردووە، ئێمە سوپاسیان دەکەین".
رۆژی 12/09/2019، ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بە زۆرینەی دەنگ متمانەی بە فرسەت سۆفی وەک 41ەمین پارێزگاری هەولێر دا و لە دوای سوێند خواردنەکەی راستەوخۆ دەستی بەکارەکانی کرد.
AM:11:45:17/09/2019