نەوەى نوێ: هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانی عێراقدا لە هەرێمیش ئەنجام بدرێت

جوڵانەوەى نەوەى نوێ ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی بەسەرچونی ماوەی کارکردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێم بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە هاوکاتى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان لەعێراقدا، دەرفەتێکى گونجاوە هەمان هەڵبژاردن لەپارێزگاکانى هەرێمى کوردستانیشدا ئەنجام بدرێت و حکومەتى خۆجێى پارێزگاکان نوێبکرێنەوە و هاوکارى خەڵک بن

دەقی ڕاگەیەندراوەکە: 

راگەیەنراوێک لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ - وە

لەگەڵ خراپى دۆخى ئەمنیى لەساڵى 2005ەوە تائێستا، هەموو چوار ساڵ جارێک و لەوادەى خۆیدا، لەسەرجەم پارێزگاکانى عێراق جگە لەهەرێمى کوردستان هەڵبژاردن ئەنجامدراوە و بۆ هەموو خولێک حکومەتى خۆجێى پارێزگاکان نوێکراوەتەوە، بەڵام لەو وادەیەوە تائێستا لەهەرێمى کوردستان تەنها دووجار هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان ئەنجامدراوە و ئێستاش پارتیی و یەکێتیی کە ترسی هەڵبژاردن و چوونەوە بەردەم خەڵک جارێکى تر هەڵبژاردنەکەیان بۆ وادەیەکى نادیار دواخستووە و یاساى ئەنجومەنەکەشیان لەبەرژەوەندیى خۆیان و بۆ دانانى کەسانى حیزبیى بەپارێزگارى شارەکان هەمووار کردەوە.


جوڵانەوەى نەوەى نوێ پێیوایە هاوکاتى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان لەعێراقدا، دەرفەتێکى گونجاوە هەمان هەڵبژاردن لەپارێزگاکانى هەرێمى کوردستانیشدا ئەنجام بدرێت و حکومەتى خۆجێى پارێزگاکان نوێبکرێنەوە و هاوکارى خەڵک بن لەپێشکەشکردنى باشتریین خزمەتگوزارییدا و کۆتایى بەناشەرعییبوونى وادەى مانەوەى ئەنجومەنى ئێستاو پارێزگارەکان بهێنن.


جوڵانەوەى نەوەى نوێ داوا دەکات هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانی عێراقدا، هەمان هەڵبژاردن لە هەرێم ئەنجام بدرێت و رێگەش بدرێت کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێڕاق سەرپەرشتیى هەڵبژاردنەکە بکات، بەمەش تێچووى هەڵبژاردنەکان دەکەوێتە ئەستۆى حکومەتى عێراق و دەرفەت نامێنێت حکومەتی هەرێمى کوردستان بەبیانووى هەبوونى قەیرانى دارایى باس لە بودجەی پێویست بۆ هەڵبژاردنەکان بکات و یاریى بەدەنگ و چارەنووس و ئیرادەى خەڵکەوە بکات.


جگە لەوەش پێمانوایە ئەنجامدانى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان لەگەڵ پارێزگاکانى ترى عێراقدا، کێشەى پێکهێنانى ئەنجومەنى پارێزگاى هەڵەبجەش چارەسەر دەکات و چیدى خەڵکى خۆشەویستى پارێزگاى هەڵەبجە لەچاوەڕوانیى پێکنەهاتن و رازى نەبوونى پارتیى و یەکێتییدا نابن بۆ ئەوەى پارێزگاکەیان ببێتە خاوەنى حکومەتى خۆجێى خۆیى و دەستبکات بەکارکردن بۆ ئاوەدانکردنەوەى پارێزگاکە و بەوەش رۆحى شەهیدانى ئەو پارێزگایە ئاسوودە بکات.


جوڵانەوەى نەوەى نوێ ٢٠١٩/٩/١٧



PM:08:04:17/09/2019