حکومەتی هەرێم راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم کۆبووەوە و  چەند پرسێک تاوتوێکرا و چەند بڕیارێک دەرکران

ئەمڕۆ ١٨ی ئەیلولی ٢٠١٩، ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان کۆبووەوە، لەکۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی رێکخستنەوەو ھەماھەنگیکردن لەدەروازە سنوورییەکانی ھەرێم کراو، بەپێی راگەیەنراوی حکومەتی ھەرێم، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا لیژنەیەکی تایبەتمەند لەوەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان پێکبھێنرێت بۆ بەیەکەوەبەستنەوەی دەروازە گومرگییەکان بەئامانجی رێکخستنەوەو باشترکردنیان .

لەبڕگەی دووەمی کۆبووەنەوەکەدا کە تایبەتبوو بەخستنەڕووی بابەتی قەرزە کشتوکاڵییەکان کە ٨٨٦٨جوتیار سوودمەندبوون لێی بەبڕی ٢٢٢ملیار و ٥٣٣ملیۆن دینار،  ئەنجومەنی وەزیران ھەردوو وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و دارایی راسپارد بۆ پێشکەشکردنی ھەموو ئاسانکارییەکی یاسایی بۆچۆنیەتی گێڕانەوەی قەرزەکان بەشێوەیەک لەگەڵ باروگوزەرانی جووتیاران بگونجێت.

لەبڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکەدا رەشنووسی دووەمی پلانی تەشریعی خرایەڕوو لەچوارچێوەی ھێڵە گشتییەکانی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان. ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا لیژنەیەکی یاسایی پێکبھێنرێت بۆ دەستنیشانکردنی ئەو پڕۆژە یاسایانەی کەپێویستە لەم وەزرە یاساییەدا بنێردرێنە پەرلەمانی کوردستان.

لەبەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆی لەبارەی پێداچوونەوە بەمیکانیزمەکانی(پاراستنی مافی خاوەندارێتی ھزری - قانون حمایە الملکیە الفکریە) کرد بە لەبەرچاوگرتنی ستانداردە جیھانییەکان و پاراستنی خاوەن مافە ھزرییەکان لەبوارەکانی ھونەری، بازرگانی، پیشەسازی و کشتوکاڵی، بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتە پەیوەندیدارەکان راسپێردران کە کاری پێویست ئەنجام بدەن.


PM:05:00:18/09/2019