سەربازگەیەكی دیكەی حەشدی شەعبی بۆردومانكرا

سەربازگەیەكی دیكەی حەشدی شەعبی لە پارێزگای ئەنبار لەلایەن فڕۆكەی نەناسراوەوە بۆردومان كرا و زیانە گیانی و مادییەكان ئاشكرانەكراوە.

میدیا عێراقییەكان بڵاویانكردەوە، ئەمڕۆ یەكشەممە ٢٢ی ئەیلولی ٢٠١٩، سەربازگەی (المرصنات) كە بە دووریی ٧٠ كیلۆمەتر لە سەنتەری پارێزگای ئەنبار هەڵكەوتووە، لەلایەن فڕۆكەی نەناسراوەوە بۆردومان كراوە.

هاوكات بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی حەشدی شەعبی بۆ میدیاكانی عێراق بۆردومانكردنی سەربازگەی (المرصنات)ی لە نزیك شارۆچكەی رەتەبە لە پارێزگای ئەنبار دووپات كردووەتەوە، بەڵام لەبارەی زیانە گیانی و ماددییەكان تا ئێستا هیچ زانیارییەك ئاشكرا نەكراوە.

هەروەها قاسم موسڵح، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی حەشدی شەعبی لە ڕۆژئاوای رایگەیاندووە، بۆردومانەكە زۆر بەهێز بووە و باڵاخانەكانی هەژاندووە، بەڵام هێشتا نازانین هێرشەكە لەنێوخۆی عێراقەوە ئەنجام دراوە یان لەدەرەوە، بەڵام ئەو شوێنەی بۆردومان كراوە، بە سەربازگەیەكی سەرەكیی هێزەكانی حەشدی شەعبی بووە.

مانگی ڕابردوو ژمارەیەكی زۆر لە سەربازگە و كۆگاكانی چەك و تەقەمەنیی حەشدی شەعبی لەلایەن فڕۆكەی نەناسراوەوە كراونەتە ئامانج، دواتر سەركردایەتیی حەشدی شەعبی هەریەك لە ئەمریكا و ئیسرائیلیان بە ئەنجامدانی بۆردومانەكە تۆمەتبار كرد، بەڵام ئەمریكا رەتیكردەوە و ئیسرائیلیش بە فەرمی هیچی لەبارەوە ڕانەگەیاندووە، بەڵام ڕەتیشی نەكردۆتەوە.



PM:02:32:22/09/2019