ئەم ژمارە تابلۆیانەی هەڵەبجە بەخۆڕایی دەدرێنە هاوڵاتیان

پێدانی تابلۆی ئاسایی بەهاوڵاتیانی هەڵەبجە دەستپێدەكات، بەڕێوەبەری هاتوچۆی پارێزگاكەش ڕایدەگەیەنێت چەند ژمارە ئۆتۆمێلێک بە خۆڕایی بە هاوڵاتیان دەدەن.

عەمید حەسەن عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری هاتوچۆی پارێزگای هەڵەبجە ڕايگەیاند، "بۆ پێدانی ژمارەی تابلۆی ئاسایی بەئۆتۆمبێل، چاوەڕوانی كاری كۆمپانیای دروستكەری تابلۆكان دەكەین كە ڕەنگە نزیكەی 15 ڕۆژی دیكە تەواوبێت، لەدوای تەواوبونیشی ڕاستەوخۆ دەست بەپێدانی تابلۆ دەكەین".

وتیشی، "لەدوای ژمارە 10 هەزارەوە دەستپێدەكەین، بۆ نمونە ژمارە (10001) دەدەین بەهاوڵاتیان و ئەوكەسانەی داواكاری بۆ وەرگرتنی تابلۆ پێشكەشدەكەن، ئەو كەسەشی یەكەم فۆڕمبێت بەدڵنیاییەوە ژمارە (10001)ی بەخۆڕایی پێدەدرێت".

بەڕێوەبەری هاتوچۆی پارێزگای هەڵەبجە بۆ تۆڕی سلێمانی ئەوەشی وت "چاوەڕوانی كارەكانی كۆمپانیاكە دەكەین كە لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ گرێبەستی كردوە، بۆئەوەی لەهاتوچۆی پارێزگای هەڵەبجەوە دەست بەپێدانی تابلۆ بكەین، واتە تابلۆی ئەم پارێزگایە تەنها لەهەڵەبجە دەدرێت".


PM:05:35:22/09/2019