چەمچەماڵ...دەست بەسەر بڕێك دەرماندا گیرا

لیژنەی ھاوبەشی تەندروستی لەماڵی خاوەن نۆرینگەیەك لە چەمچەماڵ دەستیگرت بەسەر بڕێكی زۆر دەرماندا كەبەبێ مۆڵەت و ‌بەشێوەیەكی نازانستی لە شوێنی گەرم و رێگەپێنەدراو عەمباری كردبوو.

بەگوێرەی راگەیەندراوێك ئاریان ھەورامی، سەرۆكی لیژنەی ھاوبەشەی تەندروستی رایگەیاندوە لەئەنجامی سەردان و پشكنینە بەردەوامەكانی لیژنەی تەندروستی سەربەلیژنە ھاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی بۆ دەرمانخانە و تاقیگەكان و ئەوشوێنانەی ھاوڵاتیان بۆ وەرگرتنی چارەسەر رووی تێدەكەن، دەركەوتووە لە ماڵی خاوەن نۆرینگەیەك و بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت و بەشێوەیەكی ناتەندروست بڕێكی زۆر دەرمان عەمباری كردووە.

ناوبراو ئاشكراشیكردووە ھەموو ئەو دەرمانانەی لەچارەسەركردنی نەخۆش بەكاردەھێنرێت پێویستە لە پلەیەكی گەرمی دیاریكراودا عەمبار بكرێت، كەئەو پلەش لە دەرمانێكەوە بۆ یەكێكی دیكە دەگۆڕێت تا زیان بە‌پێكھاتە و گیراوەكانی دەرمانەكان نەگەیەنێت كەلێی دروستكراوە، وتیشی ھەربۆیە بەھەموو شێوەیەك عەمباركردنی دەرمان لە ماڵەوە قەدەغەیە، لەكاتی عەمباركردنیدا پێویستە مۆڵەت لە لایەنی پەیوەندیدار وەربگیرێت.

رونیشیكردەوە خاوەن نۆرینگەكە كاوانتەر و ژێرقادرمەی ماڵەكەی خۆی و دایكی بۆ عەمباركردنی دەرمانەكان بەكارھێناوە، ئەمەش پێچەوانەی زانستە تەندروستیەكان و یاسا و رێنماییەكانیشە، بۆیە پاش وەرگرتنی رەزامەندی خاوەن نۆرینگەكە لەلایەن لیژنەی ھاوبەشی تەندروستییەوە ماڵەكەی پشكنراو دەست بەسەر بڕێكی زۆر دەرمانی جۆراوجۆردا گیرا.

باسیلەوەشكردووە بڕێكی زۆر لەو دەرمانانەی دەستی بەسەردا گیراوە، ھەندێكی (MOH)ە و بەوەناسراوە نابێت لە كەرتی تایبەت كڕینی و فرۆشتنی پێوەبكرێت و تایبەتە بەنەخۆشخانەكانی حكومەت، بەڵام لەم نۆریگەدا ھەبووە ئەمەش پێچەوانەیە لەگەڵ مامەڵەكردن بەوجۆرە دەرمانەوە.

ئاماژەشی بۆ ئەوەكرد، بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی دەست بەسەر تەواوی ئەو دەرمانانەدا گیراوە و خاوەنەكەشی روبەروی رێكاری یاسایی دەكرێتەوە.
 


PM:01:55:23/09/2019