مەسرور بارزانی: ئاماژەی ئەرێنیمان لە بەغدا پێگەیشتووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان

ئەمڕۆ دووشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە مێجەر جەنەڕال ئیریك هیل، فەرماندەی هێزی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا کرد و ڕایگەیاند "ئاماژەی ئەرێنیمان لە بەغدا پێگەیشتووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانمان لە سەر بنەمای دەستوور".

لە دیدارەکەدا، سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوە کرد، داعش هێشتاش لە چەند ناوچەیەکی عێراق هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی خەڵك و ئاستەنگە لە بەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان، وتیشی: هەماهەنگییەکی باش لە نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان هەیە ،بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش.

لەبارەی گفتوگۆی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیش، سەرۆکی حکوومەت روونیکردەوە، ئاماژەی ئەرێنیمان لە بەغدا پێگەیشتووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانمان لە سەر بنەمای دەستوور.

فەرماندەی هێزی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی هێزی هاوپەیمانانیش خۆشحاڵی خۆی بەرامبەر ئەو هەماهەنگیەی لە نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان هەیە نیشاندا و ئامادەییشی بۆ پێشکەشکردنی هەر هاوکارییەكی پێویست دەربڕی.




PM:05:40:23/09/2019