" دۆخی ئەمنی ناوچە کێشە لەسەرکان تێکدەچێت"



ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی هۆشداری دەدات لە خراپ بوونی دۆخی ئەمنی ناوچە كێشە لەسەرەكان.

 
شێرکۆ میروەیس ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی بە دەنگی ئەمریكای راگەیاندووە، "هیچ هەماهەنگیەك نیـیە لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عیراق لە دەوروبەری خانەقین، چونكە عیراق جدی نیـیە لە چارەسەركردنی كێشەی ئەو ناوچانە".

 
شێركۆ میروەیس کە ئەندامی پەرلەمانی عێراقیشە، حكومەتی عیراقی تۆمەتبار كرد بەوەی بەدەنگەوە هاتنی نیـیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی دەوروبەری خانەقین، لە كاتێكدا پێشتر گفتوگۆو نەخشەرێگای هاوبەش هەبووە بۆ ئەو مەبەستە.

 
سەركردەكەی یەكێتی روونیكردەوە لە كۆی 93 گوندی دەوروبەری خانەقین، سەرووی 20 گوندیان چۆڵكراون، چونكە هێزە عیراقیەكان ناوچەكەیان پێ ناپارێزرێت و نامۆن بە ناوچەكە.

 
دەربارەی قەبارەی مەترسیەكانی داعش لەسەر خانەقین و دەوروبەری، شێركۆ میروەیس نكۆڵی نەكرد لە جموجوڵی چەكدارانی سەربەورێكخراوە، وتی "بەڵام هێزی شاراوەی تر بەناوی داعشەوە هێرش دەكەنە سەر گوندە كوردنیشینەكان، دەیانەوێت ناوچەكە تەعریب بكەنەوەو دانیشتوانەكەی دەربكەن".

 
شێركۆ میروەیس روونیكردەوە فرە مەرجەعی و فرە هێزی لە ناوچە كوردستانیەكانی دیالە، ترس و دڵەڕاوكێی لای خەڵكی ناوچەكە دروستكردووە، وتی"چەندین هێز لەو ناوچانە هەن، كەس قەڵەمی كەس ناخوێنێتەوە و كەس نازانێت كێ مەرجەعی كێ یە."

 


PM:11:40:26/09/2019