هۆشیار عەبدوڵا: پارتی رێکەوتنەکەی لەگەڵ گۆڕان شکاندوە

هۆشیار عەبدوڵا رایدەگەیەنێت پارتی دوای واژۆکردنی رێکەوتن تەنها ئەوانە جێبەجێ ئەکات کە لەبەرژەوەندی خۆیەتی و ئەوەی سودی بۆ نەبێت فەرامۆشی دەکات، دەشڵێت پارتی رێکەوتنەکەی لەگەڵ گۆڕان شکاندوە.

هۆشیار عەبدوڵا ، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی گۆڕان لە وتارێکدا تیشک دەخاتە سەر رێککەوتنی گۆڕان و پارتی دەڵێت: نە ئێستا هەر لە شاخەوە پارتی لە رێککەوتنەکاندا ئینتیقائی مامەڵەی کردوە،تا رێکەوتن دەسازێنێ زۆر دێتە پێشەوە،کە واژۆ کرا چیی لە بەرژەوەندی خۆی بێت جێبەجێی ئەکا،چیی لە سودی ئەو نەبێت ئیهمالی ئەکا،ئەمە راستیەکە لە هەمو رێکەوتنەکانی پارتیدا لە شاخ و شار،لە شەڕ و ئاشتیدا،زەق و ڕونە.

هۆشیار عەبدوڵا دەڵێت: لە دانوستاندا پارتی بەڵێنی بێ گومرگ و قسەی حسابی زۆر ئەکا،بەهار دێنێتە چۆکان،هیچ رستەیەکی نیە گوڵگوڵی نەبێت،هەنگوینی لەدەم ئەبارێ،بەڵام هەر تا رێکەوتن کرا،ئیدی چاوی بەرژەوەندی خۆی نەبێ هیچ شتێک نابینێ.

هەر لەبارەی رێکەوتنەکەی گۆڕان لەگەڵ پارتی ئاماژەو بۆ ئەوەکردوە کە" لەم سەرەتایەی کابینەی نۆ دا، پارتی لانیکەم لە سێ لاوە رێکەوتنەکەی لەگەڵ گۆڕان شکاندوە"


ئەو سێ بابەتەش بریتین لە :

یەک:بە گوێرەی هەمو جەولەکانی گفتوگۆی نێوان گۆڕان و پارتی،لە باسیی نەوتدا پارتی واینیشانداوە و بەڵێنی وابوە کە ئەوان دەیانەوێ بە پەلە ڕێکبکەون لەگەڵ بەغداد و نەوتەکە بە زویی رادەست ئەکەن و تاکە چارەسەر لایان سازانە لەگەڵ بەغداد.
هەتا ئێستا نە نەوتیان رادەست کردوە و نە رێککەوتون لەگەڵ بەغداد،بەمەش مەترسیان بۆسەر بودجە و موچەی خەڵک دروستکردوە.


دوو:بریار وابو لە مانگی یەکەمی کاری پەرلەماندا یاسای چاکسازی موچە بێتە پەرلەمان و تێبپەرێنرێت، بە گوێرەی زانیاریەکان ماوەی زیاتر لە مانگێکە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریداوە یاساکە بێتە پەرلەمان لیژنەیەکیش پێکھاتوە، بەڵام تائێستا لیژنەکە کۆنەبوەتەوە! ئەمە لە کاتێکدا ئیرادە و ئیدارەی هەردو سەرۆکایەتی حکومەت و پەرلەمان بە تەواوی و لە سەدا سەد لای پارتیە.

 
سێ:بریار وابو جگە لە جێگری سەرۆکی حکومەت،سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران یەک یاریدەدەری هەبێت بۆ کاروباری چاکسازی و ئەوەش لە پشکی گۆڕان بێت و یاسای بۆ دەربکرێ و بە یاسا ئەرک و فەرمانی بۆ دیاریبکرێ،کەچی ئێستا رۆژانە سەرۆکی حکومەت بە نایاسایی و بێ ئەوەی دەسەڵاتی ئەوەی هەبێت و یاسا ریگەی پێبدا،خەڵکانێكی پارتی (لە هەڵبژاردنی دەموچاوەکانیشدا بێ هیچ جۆرە موراعاتێکی گۆڕان)،دەکاتە یاریدەدەری خۆی!




PM:01:20:27/09/2019