دوو پەرلەمانتاری کورد: پارتی لە سنوری نەینەوا نەوت بە قاچاغ دەبات

دوو پەرلەمانتاری کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕادەگەیەنن پارتی لە سنوری نەینەوا نەوت بە قاچاغ دەبات و دەشڵێن: بۆیە ئەمرۆ خەڵکی ئەو گوندانە دژی ئەم تاڵانکاریە و دژی نەبونی خزمەتگوزاری خۆپیشاندانیانکرد بەڵام هێزەکانی پارتی زۆر بە توندی وەڵامیان دانەوە و ژمارەیەک گوندنشینیش دەستگیرکراون.


دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

دەبێت سنورێک بۆ تاڵانکاری نەوت لەلایەن کۆمپانیاکانی نزیک پارتی دابنرێت


هەفتەی رابروو پەرلەمانی عێراق لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی بۆ پرسی قاچاغبرنی نەوت لە دەشتی نەینەوا پێکهێنا ئێمە پێشوازی لەو هەنگاوە دەکەین.

بەپێی زانیاریە سەرەتاییەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق و لێکۆڵینەوەکانی خۆمان دەرکەوتوە زیاتر لە ٤٠ بیری نەوت لە دەشتی نەینەوا، بە دیاریکراوی لە سنوری ناوچە جێناکۆکەکان لەلایەن ژمارەیەک کۆمپانیای نزیکلە پارتی و بە سەرپەرشتی هێزی چەکداری پارتی دەستیبەسەردا گیراوە بێ ئەوەی داهاتەکەی بگەرێتەوە نە بۆ حکومەتی هەرێمکە ئەتوانن تەماشای داتاکانی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بکەن کە هیچ ئاماژەیەک بە داهاتی ئەم بیرانە ناکات، نە داهاتەکەشی بۆ خەزێنەی عێراق دەگەرێتەوە.

 

لەوەش زیاتر ئەم کۆمپانیایانە لەگەڵ ژمارەیەک چەکداری حزبی سەرەرای بردنی نەوتەکە ژیانی گوندنشینەکانی ناوچەکەشیان تێکداوە و رێگاو بانەکانیان بەکاردێنن و کەمترین خزمەتگوزاری پێشکەش خەڵکی ناوچەکە ناکەن و رێگری لە ئاوەدانکردنەوەی گوندەکانی وەردەک و دەوروبەری دەکەن.
بۆیە ئەمرۆ خەڵکی ئەو گوندانە دژی ئەم تاڵانکاریە و دژی نەبونی خزمەتگوزاری خۆپیشاندانیانکرد بەڵام هێزەکانی پارتی زۆر بە توندی وەڵامیان دانەوە و ژمارەیەک گوندنشینیش دەستگیرکراون.

ئێمە سەرەرای ئیدانەکردنی ئەم هێرشەبۆ سەر گوندنشینان و خەڵکی ناوچەکە، کاری جدیش دەکەین بۆ کۆتایهێنان بەم تاڵانکاریە کە چەندین ساڵە بەردەوامی هەیە.

_ غالب محمد علی (ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق)
_ سەرکەوت شەمسەدین (ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق)
۲۷/۹/۲٠۱۹



PM:04:43:27/09/2019