هەڵمەتی لادانی زیادەرۆیی لە هەولێر دەستیپێکرد

به فەرمانی قائیمقامی هەولێر و بەبەشداری پۆلیسی شارەوانی و هێزی زێرەڤانی و بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی چوار، هەڵمەتی نەهێشتنی سەرپێچی و زێدەڕۆییەكان دەستی پێكرد.

لە راگەیەندراوێکدا کە کۆپیەکی دەست سپی کەوتووە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەكردووە، "دوای ئاڕاستەكردنی گلەیی و گازندەیەكی زۆری هاووڵاتیان و شوفێران و دروستبوونی ئاستنەگی هاتووچۆ و خنكانی شەقامەكان و زێدەڕۆیی لە ناوچەی سەوزایی موڵكی گشتی و شێواندنی سیمای شار، قائیمقامیەتی قەزای ناوەندی هەولێر ڕێكاری یاسایی گرتەبەر و سەرپێچی و زێدەڕۆییەكانی هەردوو گەڕەكی فەرمانبەران و ڕێگای كەسنەزانی لادا".

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر، ڕاشیگەیاندووە، لە پێناو بەرژەوەندی گشتی هاووڵاتیان و لە درێژەی كار و چالاكییەكانی قائیمقامیەتی هەولێر، لەسەر فەرمانی قائیمقامی هەولێر لە ڕێگای بەشی پۆلیسی شارەوانی و هێزی زێرەڤانی و بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی چوار، هەڵمەتی لادانی تەواوی داگیركردنی شۆستە و سەرپێچی و زێدەڕۆییەكانی (سەوزە و میوەفرۆشان)ی گەڕەكی فەرمانبەران ـ ڕێگای بنەسڵاوە و ڕێگای كەسنەزان دەستی پێكرد و سەرجەمیان لادران.

لە راگەیەندراوەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە "ئەم هەڵمەتە بەردەوام دەبێت و لە هەر شوێنێك سەرپێچی و زێدەڕۆیی بكرێتە سەر موڵكی گشتی، بە گوێرەی یاسا بەركارەكان لادەدرێت".

 

 


PM:05:07:28/09/2019