حوسیەکان دەستگیرکردنی هەزاران سەربازی سعودیەیان ڕاگەیاند

حوسییە یاخیبوەکانی یەمەن دەستگیرکردنی هەزاران سەربازی سعودیەی لەناوچە سنورییەکان راگەیاند و لەنێو دەستگیرکراوەکاندا، چەندین ئەفسەر و سەربازی سوپای سعودیە هەیە و سەدان ئۆتۆمبێلی سەربازی و پارچە چەکیش دەستیان بەسەرداگیراوە

ماڵپەڕی دی دەبلیوی ئەڵمانی، بڵاویکردەوە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، حوسییە یاخیبوەکانی یەمەن کە ئێران پشتیوانییان دەکات، دەستگیرکردنی هەزاران سەربازی سعودیەی لەناوچە سنورییەکان راگەیاند، حکومەتی ریازیش تائێستا هەواڵەکەی پشتڕاست نەکردۆتەوە.

لەراگەیەنراوێکدا، حوسییەکانی یەمەن ئەوەشیان ئاشکراکردووە، لەنێو دەستگیرکراوەکاندا، چەندین ئەفسەر و سەربازی سوپای سعودیە هەیە و سەدان ئۆتۆمبێلی سەربازی و پارچە چەکیش دەستیان بەسەرداگیراوە.

لەوبارەیەوە یەحیا ساری وتەبێژی حوسییەکانی یەمەن، بەکەناڵی مەسیرەی زمانحاڵی خۆیانی راگەیاندوە، " گەورەترین ئۆپەراسیۆنمان ئەنجامداوە و لەمیانەی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا، توانیومانە سێ لیوای سەربە سوپای سعودیە شکستپێبهێنین."

 یەحیا رایگەیاندوە، لەو کاتەی هێرشەکان بۆ سەر وڵاتەکەمان دەستیپێکردوە، ئەمە گەورەترین ئۆپەراسیۆنی سەربازییە کە ئەنجامیان دابێت.

هاوکات بەگوێرەی زانیارییەکان، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە لەناوچەی باشوری هەرێمی نەجران ئەنجامدراوەو، حوسیەکان چەندان بەڵگەی ڤیدیۆیی ئەو ئۆپەراسیۆنەیان بڵاوکردۆتەوە.

PM:04:52:29/09/2019