ئەمریکا تا دوو ساڵی تر بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردنی پێشمەرگە

كۆنسوڵی گشتیی ئه‌مریكاش له‌ هه‌ولێر لەگەڵ وەزیری پێشمەرگ کۆبووەوە و ڕاگەیەدرا کە ئه‌مریكا واده‌ی پشتیوانی و هاوکارییەکانی له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان بۆ دوو ساڵی تر درێژ كردۆتەوە.

ئه‌مڕۆ یەكشەممە شۆرش ئیسماعیل وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ ستیڤن فه‌یگن كۆنسوڵی گشتیی کۆنسوڵگەری ئه‌مریكا له‌ هه‌ولێر كرد و بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوکە له‌ دیدارێكدا كۆنسوڵی گشتیی ئه‌مریكا بڕیاری پنتاگۆنی له‌سه‌ر درێژكردنه‌وه‌ی یاداشتی پشتگیری و پشتیوانی له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان ئاشکرا کرد و رایگەیاند ئەمریکا پشتیوانی سوپای عیراق و هێزی پێشمەرگە وەک بەشێک لە سیستەمی بەرگریی عێراق دەبێت.

وه‌زیری پێشمه‌رگه‌، ستایشی هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانی ئێستا و رابردووی هێزه‌كانی ئه‌مریكا و حكومه‌تی ئه‌و وڵاته‌ كرد، كه‌ رۆڵی به‌رچاو و كاریگه‌رییان گێڕاوه‌ له‌ هاوكاری و یارمه‌تیه‌كانیان بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر و تیرۆریستان له‌ ناوچه‌كه‌دا و وتیشی به‌ گه‌رمی پێشوازی له ‌درێژكردنه‌وه‌ی واده‌ی ئه‌و لێكتێگه‌یشتنه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌و هه‌نگاوه‌ جێی ستایش و بایه‌خی بێ سنووری ئەوانە. ئه‌و بڕیاره‌ سه‌لمێنه‌ری پابه‌ندبوونی ئەمریكا به‌ ئه‌مه‌كی و پێكه‌وه‌ كاركردنی دڵسۆزانه‌ له‌ هه‌مبه‌ر پاراستنی ئاسایش و سه‌قامگیری له‌ ناوچه‌كه‌دا. هاوكات روونیشی كرده‌وه‌ به‌رده‌وامیان له‌ پاڵپشتی و هاوكاری هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌، ئاراسته‌ی سه‌ركه‌وتنه‌كانیان تۆكمه‌تر ده‌كات لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش.

كۆنسوڵی گشتیی ئەمریكاش له‌ هه‌ولێر، ئاشكرایكرد بڕیاری درێژكردنه‌وه‌ی یاداشتی لێكتێگه‌یشتن ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی به‌رده‌وامیدان ده‌بێت به‌ پشتگیری و پشتیوانی له‌ هاوكاری و یارمه‌تیه‌كانیان بۆ حكومه‌ت و هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، گوتیشی ده‌یانه‌وێ له‌ میانی كاری داهاتوویاندا، فاكته‌رێكی گرنگی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بن له‌ به‌ره‌و پێشبردنی په‌یوه‌ندییه‌كان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ردوولا.

له‌ كۆتایی دیداره‌كه‌دا، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم، سوپاس و پێزانینی گه‌لی كوردستان و حكومه‌ت و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی بۆ گه‌ل و حكومه‌تی ئه‌مریكا و سوپای ئه‌و وڵاته‌ گه‌یاند به‌ كۆنسوڵی گشتی و هیوای خواست له‌ داهاتوودا پێكه‌وه‌ هه‌نگاوی باشتر بنێن له‌ بنبڕكردنی تیرۆر و پاراستنی ئاسایشی ناوچه‌كه‌.


PM:05:29:29/09/2019