شوان محەمەد لەسەر بڵاوكردنەوەی وێنە نەشیاوەكانی ئیحسانی مەلا عەلی سزا دەدرێت

شوان محەمەد، سەرنوسەری ماڵپەڕی "سپی میدیا"  بە بڕیاری دادگا بڕی نۆ ملیۆن دینار قەرەبوو دەداتە ئیحسانی مەلا عەلی، كوڕی ڕابەری پێشووی بزووتنەوەی ئیسلامی و دەشڵێت " داواكەی دەستدرێژیە بۆ سەر ئازادی ڕۆژنامەگەری".


شوان محەمەد لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كە لە ئۆفیسی سەرەكی "سپی میدیا" ئەنجامیدا ئاماژەی بۆ ئەوەكرد دە ساڵ لەمەوبەر و ئەو دەمەی سەرنوسەری ئاوێنە بووە چەند وێنەیەكی "نەشیاو"ی ئیحسانی مەلا عەلیان لە دۆخێكی نەشیاودا بڵاوكردۆتەوە.


ئەوەشی خستەڕوو بڵاوكردنەوەی ئەو وێنانە لە كاتێكدا بووە كە ئیحسانی مەلا عەلی و حزبەكەی هەموو ئازادیەكی كەسیان لە ناوچەی هەڵەبجە و هەورامان لە خەڵك قەدەغە كردبوو، بەڵام بۆ خۆیان لە گەشتەكانیان بۆ ئەوروپا بە زیادەوە مومارەسەیان دەكرد.


وتیشی "ناوبراو لە بەرامبەر بڵاوكردنەوەی وێنەكانی لە ڕۆژنامەی ئاوێنە داوای لەسەر تۆمار كردین و منیش بە سیفەتی سەرنوسەری پێشووی ئەو ڕۆژنامەیە چوومە بەردەم دادگا و بە بڕی نۆ ملیۆن دینار غرامە كراین".


جەختیشیكردەوە "ئەو داوایە دەستدرێژیە بۆ سەر ئازادی ڕۆژنامەگەی و بە نۆ ملیۆن دینار كەسایەتی ناوبراو ناگەڕێتەوە و وێنەكانیشی لە ئەرشیفی میدیاكاندا ناسڕێتەوە".

 

 


PM:03:31:30/09/2019