ئەردۆغان: شەوێک لە پڕ دەچینە رۆژھەڵاتی فورات

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا  لە بارەی ھەنگاوەکانی تورکیا لەسەر پرسی ناوچەی ئارام و رۆژھەڵاتی فورات ڕایگەیاند "ھەموو ئەمانە بەیەکەوە ئەنجام بدەین چییە؟ شەوێک لە پڕ دەچینە ژوورەوە".

سەرکۆماری تورکیا، لە وەرزی نوێی یاسادانانی پەرلەمانی تورکیا وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند "تورکیا بە ھۆی ئارەزووی ئەو ھێزانەی حساباتیان ھەیە لە ناوچەکە، واز لە ئاسایشی خۆی و داھاتووی خوشک و براکانی ناھێنێت".

سەرکۆماری تورکیا، وتی "ھەست بەو ئاستەنگییە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووریانە دەکەین بە ھۆی نزیکەی سێ ملیۆن و ٦٥٠ ھەزار میوانمان لە سنورەکانماندا لە ئاکامی درێژەکێشانی کێشەکانی سووریا. دەشزانین جگە لە تورکیا ھیچ وڵاتێکی دیکە شانی نەداوەتە بەر ئەو ئەرکە کە ھێندە درێژە بکێشێت. لەگەڵ ئەوانەیشدا بیر لەوە ناکەینەوە تاھەتایە میوانداری ملیۆنەھا پەنابەر بکەین لەسەر خاکەکەمان". 

ئەردۆغان وتیشی ''ژمارەی ئەو پەنابەرە سووریانەی کە تا ئێستا گەڕاونەتەوە ئەو شوێنانەی ئارامیمان تیادا فەراھەم کراوە، گەیشتووەتە ٣٦٠ ھەزار. تاکە ھۆکاری بوونمان لە سووریا ئەو ھەڕەشانەیە کە دەکرێنە سەر سنوورەکانمان لە ھەمان کاتدا بوونی رێگرێک کە بەربەستبوو لە گەڕانەوەی ئەو سووریانەی لە وڵاتەکەماندان''.


PM:05:09:01/10/2019