ئێران مەرزەكانی پشتەو شوشمێی بەفەرمی ناساند

پارێزگاری كرماشان لەهەڵەبجە ڕایگەیاند، ئەنجومەنی وەزیرانی ئێران ڕەزامەندی نیشانداوە بۆ بەفەرمی ناساندنی مەرزەكانی شوشمێ‌ – پشتە، دەشڵێت: لەدیوی عێراقەوە پێویستی بەفەرمی ناساندنە لەلایەن حكومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق.

پارێزگاری كرماشان سەردانی دیوانی پارێزگای هەڵەبجەی كرد، لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسی بەهاوبەشی پارێزگاری هەڵەبجە، ئامانجی سەردانەكەی بۆ میدیاكان خستەڕوو.

ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا وتی: یاداشتێكی ١٦ خاڵیمان هەیە ساڵی ڕابردوولەگەڵ بەرپرسانی كرماشان واژۆمانكردووە، لەكۆبونەوەی ئەمڕۆماندا پێداگری لەسەر جێبەجێكردنی ئەو ١٦ خاڵە كرایەوە، هەروەها باسی پەیوەندییە بازرگانی و دیبلۆماسییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و پارێزگای هەڵەبجە وکۆماری ئیسلامی ئێران و دابینکردنی کارئاسانی بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیان کرا.

وشەنگ بازواند پارێزگاری كرماشان لەكۆنگرە ڕۆژنامەنوسییەكەدا جەختی لەسەر جێبەجێکردنی خاڵەکانی ئەو ڕێککەوتنامەیە کردەوەو وتی: ڕەنگە خاڵی ڕێكەوتنەكە لەنێوان پارێزگای کرماشان و هەڵەبجە گۆڕانكاری تێدا بكرێت، بەڵام باسە گشتیەكە ئەوەیە بەفەرمی ناساندنی مەرزی شوشمێ‌ و پشتە، كارئاسانی بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیان لەو مەرزەكە دەکات، هەرچەندە ئەنجومەنی وەزیرانی ئێران مەرزی پشتەو شوشمێ‌ی بەفەرمی ناساندوە، بەڵام پێویستی بەفەرمی ناساندنی مەرزەكەیە لەلایەن حكومەتی هەرێم وعێراقی فیدراڵ.

پارێزگاری کرماشان وتیشی: لەكۆبونەوەكەماندا ئەوەمان خستۆتە بەردەست،ئەگەر بەفەرمی ناساندنی ئەو مەرزانە درێژە بكێشێت لەلایەن حكومەتەوە، ڕێكارێكی دیكە بگرینە بەر بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیان لەو مەرزانەدا  كەلەڕێگەیەوە دەتوانێت پەیوەندییەكی گرنگ لەنێوان هاوڵاتیانی هەردوو وڵاتدا دروست بكات.

 


PM:11:59:02/10/2019