یەکێتی ئەوروپا داوای ئەوپەڕی دانبەخۆداگرتن لە هێزە عێراقییەکان دەکات
وتەبێژی سیاسەتی ئاسایش و کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لەبارەی خۆپیشاندانەکانی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوەو لە راگەیێندراوەکەیدا یەکێتی ئەوروپا داوای ئەوپەڕی دانبەخۆداگرتن لە هێزە عێراقییەکان دەکات لە مامەڵەکردن لەگەڵ خۆپیشاندەراندا.
مایا کۆکیجانتیش، وتەبێژی سیاسەتی ئاسایش و کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاند" داوا لە خۆپیشاندەران دەکەین خۆپیشاندانەکان بەشێوەیەکی ئاشتیانە بهێڵنەوە، یەکێتی ئەوروپا پشتیوانی لە دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکان دەکات، هەروەها دەبێت لێکۆڵینەوەکان باوەڕپێکراو و خێرابن".
هاوکات لە ڕاگەیەندراوەکەدا وتەبێژی سیاسەتی ئاسایش و کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا ڕایدەگەیەنێت: رووداوەکانی عێراق دەرخەری ئەوەن کە پێویستە بەزوویی خواستەکانی خەڵکی عێراق بەدیبهێندرێت، بەتایبەتیش لەڕێگەی ئەنجامدانی چاکسازی ئابووری.
لە رۆژی سێشەممە خۆپیشاندان لە بەغدای پایتەخت و چەند شارێکی عێراق دەستیپێکردووە، خۆپیشاندانەکەی بەغدا تووندوتیژی لێکەوتووەتەوە و چەندین کەس کوژران و دەیان کەسیش بریندارن، تاوەکو ئێستا ئامارێکی فەرمی لەبارەی قوربانیانی خۆپیشاندانەکە نییە بەڵام باس لە کوژرانی نزیکەی ٣٠ کەس و برینداربوونی زیاتر لە ١٠٠٠ کەس دەکرێت.
AM:10:17:04/10/2019