زۆربەی فراکسیۆنە کوردستانییەکان کۆبوونەوەی بەیانی پەرلەمانی عێراقیان هەڵپەسارد

زۆربەی ئەندامانی فراکسیۆنە کوردستانییەکان بەشداری کۆبوونەوەی سبەی شەممەی پەرلەمانی عێراق ناکەن کە کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە بەدواداچوونی داخوازییەكانی خۆپیشاندەرانی عێراق و، بڕیارە هەریەک لە سەرۆک کۆمارو سەرۆکی حکومەت بەشداری بکەن.

 

شێروان میرزا ئەندامی پەرلەمانی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەت بۆ ماڵپەڕی " سپی " رایگەیاند " هەماهەنگی لە نێوان سەرۆکی لیستە جیاجیاکانی فراکسیۆنە کوردستانی پەرلەمانی عێراق هەیەو، زۆربەی لیستە کوردستانییەکان بەشداری کۆبوونەوەکەی سبەی پەرلەمانی کوردستان ناکەن".

پەرلەمانتارە کوردەکەی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە کووتلە گەورەکانی وەک " سائیرون " و " نەسر" و محوەر " بەشداری ناکەن و، ئەوەش بەشێکە لە هۆکاری بەشداری نەکردنی فراکسیۆنە کوردستانییەکان".

 

شیروان میرزا بە دووری زانی کۆبوونەوەی سبەینێی پەرلەمانی عێراق سازبکرێت.

 

هەروەها کاوە محەمەدیش لەلایەکی ترەوە بە"  سپی " راگەیاند، پەرلەمانتارانی گۆڕانیش بەشداری کۆبوونەوەی سبەی ناکەن.

 

بەپێی هەندێک زانیاری کە دەست " سپی " کەوتووە مەترسی دۆخی ئەمنیش هۆکارێکە بۆ نەگەڕانەوەی پەرلەما نتارە کوردەکان، بەتایبەتی ئەوان خوولی پێشووی پەرلەمانیان لەبەرچاوە کە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە پەرلەمان کۆنترۆڵکراو، ژمارەیەک پەرلەمانتاریش رووبەڕووی توندتیژی بوونەوە.

هاوکات ئەمڕۆ هەینی ٤ ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ موقتەدا سەدر فەرمانی بە هاوپەیمانی ئەلسائیرون كرد چالاكیەكانی لە پەرلەمانی عێراق هەڵپەسێرێت.

ئەوە جگە لەوەی کەمێک پێش ئێستا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کارەکانی لە پەرلەمان هەڵپەسارد "تا ئەو کاتەی حکومەت بەرنامەی خزمەتکردنی گەل جێ بەجێ دەکات".

هاوکات هاوپەیمانیی میحوەر كە زۆربەی هێزە سونەكانی عێراق لەخۆی دەگرێت، ئەم ئێوارەیە رایگەیاند" كە كاركردنی ئەندامەكانیان لە پەرلەمانی عێراق هەڵدەپەسێرن".

ئەوەش لەکاتێکدایە کە تا ئەم ساتە وەختە پشیووی باڵی بەسەر شەقامی بەغدا و شارەکانی دی عێراقدا کێشاوەو سەرباری بلآوەپێکردنی هێزێکی زۆری ئەمنی فرەجۆر، لە هەندێک شوێن خۆپیشاندان بەردەوامە.

 


PM:08:21:04/10/2019