دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق داوای ڕاگرتنی هێڵەکانی ئینتەرنێت لە هەولێر دەکات

 

بەهۆی خۆپیشاندانەکانی عێراقەوە  دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق بە تەلەفۆن داوای لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کورستان کردووە هێڵەکانی ئینتەرنێت رابگرێت، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنیش دەڵێت" بەفەرمی داوامان لێنەکراوە هێڵەکانی ئینتەرنێت رابگرین".

ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: تاوەکو ئێستا بەفەرمی لە رێگەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە ئاگادار نەکراوینەتەوە کە هێڵەکانی ئینتەرنێت رابگرین، بەڵام پێویستە کە بەرپرسانی عێراق لە رێگەی کەناڵی فەرمی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستانەوە لە بەغدا داوای راگرتنی هێڵەکانی ئینتەرنێت بکەن، ئەویش بە نوسراوێک سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاگاداردەکاتەوە و ئەوانیش ئێمە ئاگاداردەکەنەوە بۆ کاری پێویست.

ڕۆژی ٢ ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی عێراق كۆبووە و یەكێك لە بژاردەكانیش ڕاگرتنی هێڵەكانی ئینتەرنێت و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بوو، کە ئەو ڕۆژە سەرجەم ڕێگاكانی ناوچەی سەوزی بەغدا داخران و فەرمانبەرەكانی پەرلەمانیش نەیان توانی بچنە سەر كارەكانیان. 

هەروەها رۆژی پێنجشەممە ٣ ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ هێڵەکانی ئینتەرنێت بەهۆی خۆپیشاندانەکانی بەغدا و پارێزگاکانی عێراق، جگە لە هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر راگیرا. 

 


PM:10:09:04/10/2019