ئەمڕۆ شەممە ٥ ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق و عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆشکی سەلام کۆبونەوە و تەئکیدیان کردەوە لەسەر بەدیھێنانی خواستەکانی گەنجان.
نوسینگەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ڕایگەیاند" لە کۆبونەوەکەدا سەرۆک بەرهەم و سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختیان لە جێبەجێکردنی داواکاریەکانی خۆپیشاندەران کردەوە و لێپێچینەوە لەگەڵ ئەو کەسانەی کە تێوەگلاوەن لە توندوتیژی".
هاوکات لەڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراقدا هاتووە: هەردوو سەرۆک جەختیان لە پارێزگاریکردن لە ئاسایش و سەلامەتی خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنیەکان کردەوە بۆ ڕێگریکردن لەو تاوانبارانەی کە دەستڕێژی گولەیان کردوە بە ناو ئاپۆڕای خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنیەکاندا.
هەروەها ئاماژە بەوەشکرا" لەو دیدارەدا گفتوگۆکرا لەسەر دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو بۆ روداوەکانی ئەم دواییە، کە زامنی بەرژەوەندی گشتی و ئارامی وڵات بکات".