کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە



ئەمڕۆ شەممە ٥ ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لەپەرلەمانی عێراق بەیاننامەیەکی لەبارەی خۆپیشاندانەکانی ئێستای عێراق بڵاوکردەوە و دەڵێت" پشتیوانی خۆمان بۆ داواکاری چاکسازی بنەڕەتی دوپات دەکەینەوە و دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ دەنگی خۆپیشاندەران ".

لە ڕاگەیەندراوێکی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان کە کۆپییەکی دەست ماڵپەڕی "سپی" کەوتووە و تێیدا هاتووە" چەند ڕۆژێکە بەغدا و چەند شارێکی عێراق خۆپیشاندانی جەماوەری بەخۆوە دەبینن بۆ داواکردنی چاکسازی بنەڕەتی و گۆڕینی سیستەمی سیاسی ,کە بەداخەوە ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەران و چەند کەسێک لە هێزە ئەمنیەکان بونەتە قوربانی و بەئاشکراش هەست بەوە دەکرێ کە دەستێکی تێکدەر هاوڵاتیان  دەکاتە ئامانج و خوێنڕێژی زیاد دەکات بەمەبەستی ئاڵۆزتر کردنی بارودۆخەکە".

هاوکات کۆمەڵی ئیسلامی جەختیشی کردەوە: ئێمە لە فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پشتیوانی خۆمان بۆ داواکاری چاکسازی بنەڕەتی دوپات دەکەینەوە و دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ دەنگی خۆپیشاندەران و چاکە خوازان بەمەبەستی گۆرینی ئەم واقیعە تاڵەی عیراق تێی کەوتووە لە ئەنجامی هەژموونی حزبە گەورەکان بەسەر داهات و نەوت و سیاسەتی وڵات بەجۆرێک کە هەموو هەوڵێکی چاکسازی شکست پێ دەهێنن و بێ باکانە درێژە بە پشک پشکێنە و گەندەڵی و خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات و ماڵی گشتی دەدەن لەپێناو چەند کەس و بنەماڵە و حزبێکی دیاریکراودا. 

هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکرا: حکومەت و پەرلەمانی عیراقیش پێویستە هەنگاوی جدی بگرنەبەر و چیتر کات بە فیڕۆ نەدەن بڕیاری دڵنیاکەرەوەو ئازایانە بدەن لەبەرژەوەندی گەلی عیراق.

فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
٥/١٠/٢٠١٩




PM:05:55:05/10/2019