ژمارەی کوژراوەکانی خۆپیشاندانەکانی عێراق بەرز دەبێتەوە



ژمارەی ئەو کەسانەی لە خۆپیشاندانەکانی رۆژی شەممە ٥ ی تشرینی یەکەم لە شار و شارۆچکەکانی عێراق کوژراون بۆ ١٩ کەس بەربۆوە، بەوەش تێکڕای ئەو کەسانەی لە خۆپیشاندانەکاندا کوژراون بۆ زیاتر لە ١٠٠ کەس بەرزبوەوە. 

ئەمڕۆ یەکشەممە ٦ ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ ئاژانسی ئەسۆشییەی پرێس ڕایگەیاند" بە گوێرەی سەرچاوە پزیشکییەکان دوێنێ شەممە لە بەغداد پێنج خۆپیشاندەر لە ناوچەی شعلە و مەیدانی تەحریر و ناوچەی زەعفرانیە کوژراون". 

لە رۆژی چوار شەممە ٢ی تشرینی یەکەمەوە بەغداو ژمارەیەک پارێزگای باشووری عێراق خۆپیشاندانی گەورەی بەخۆوە بینیووە، ئاژانسە جیهانییەکان کە پەیامنێریان لە زۆربەی شوێنەکانی عێراق هەیە، ئاشکرای دەکەن کە ئەم خۆپیشاندانە گەورەترینە لە دوای رووخانی رژێمی سەدامەوە لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە. 

هاوکات دوێنێش محەمەد حەلبوسی، لەگەڵ نوێنەرایەتی خۆپیشاندەران كۆبوەوە، لە كۆبونەوەكەدا نوێنەرانی خۆپیشاندەرانی عێراق و سەرۆکایەتی پەرلەمان لەسەر ١٣ داواكاری خۆپیشاندەران رێککەوتن.

بەگوێرەی راگەیەنراوی کۆبونەوەکە بڕیاردراوە بە بڕینەوەی موچەیەكی مانگانە بۆ نزیكەی یەك ملیۆن و ٢٥٠ هەزار هاوڵاتی عێراقی كە هیچ موچەیەكیان لە دامودەزگاكانی دەوڵەت نییە، ئەمە جگە لە بڕیاردان بۆ دابەشكردنی ١٠٠ هەزار یەكەی نیشتەجێبون لە پارێزگا جیاوازەكانی عێراق بەسەر ئەو هاوڵاتیانەی شوێنی نیشتەجێبونیان نییە.








ئه‌م بابه‌ته ‌254 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:09:24:06/10/2019