مەلا بەختیار: دوو سەیارەی خۆكوژ خۆیان بەسەیارەكەمدا تەقاندەوە

مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان باس لە ھەوڵێكی تیرۆر كردنی دەكات و دەڵێت " لە كاتێكدا لە گردی سەرچنار بۆ رێكخراوە دیموكراتییەكان كەوتبومە ڕێ‌ گەیشتینە بەرامبەر (ئەبوسەنا) كاتێكم زانی، دوو سەیارەی خۆكوژ، خۆیان بەسەیارەكەمدا تەقاندەوە".

مەلا بەختیار، لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نووسیویەتی "بەیانی رۆژی 5/10/2005 لە كاتێكدا لە گردی سەرچنار بۆ رێكخراوە دیموكراتییەكان كەوتبومە ڕێ‌، گەیشتینە بەرامبەر (ئەبوسەنا) كاتێكم زانی، دوو سەیارەی خۆكوژ، خۆیان بەسەیارەكەمدا تەقاندەوە".

مەلا بەختیار، باس لە ڕووداوێك دەكات كە مێژووەكەی بۆ 14 ساڵ لەمەوپێش دەگەڕێتەوە و دەڵێت "چركەساتێك لە ناو ئاگری دۆزەخی رقی خۆكوژەكان، مان ‌و نەمان، سەرەتاتكێی لەگەڵ خۆم ‌و مەفرەزەی پارێزەرمان دەكرد كە لە سەیارە دابەزیم، پارچە پارچە لاشەی خۆكوژەكان لە دەوربەردا، كەوتبوو".

دەشڵێت "ئەو هەوڵە، شەشەمین هەوڵی تیرۆكردنم بوو، لەژیانی پێشمەرگایەتی ‌و سیاسیمدا هەر زوو دەركەوت، ئەو خۆكوژانە، راسپێردراوی (القاعیدە) بون. هەر ئەمانیش بون، لە پیشانگای كتێبی نێودەوڵەتی فرانكفۆرت، دوای چەند ساڵێك، دوانی تریان، كوردێك و ئەفغانیەك، ویستیان تیرۆرم بكەن. پۆلیسی ئەڵمانیا گرتنی، لەو ساڵانەدا، بۆم دەركەوت. تیرۆریستان، زۆر لە بیروباوەڕی دیموكراتخوازەكان دەترسن. بەڵام بەداخەوە، تائێستاش، لەبەرامبەر ئەم تاریك پەرستانەدا، بیروباوەڕ فەرامۆش كراوە. لەسەر ئەو بیروباوەڕو ململانێیە، لەبری پشتیوانی دژایەتیش دەكرێین".

سەبارەت بە قوربانیانی ڕووداوەكە دەڵێت "لەم هەوڵەدا، كرێكارێك شەهید كرا و سێ‌ پێشمەرگەمان بریندار بوون".




PM:02:52:06/10/2019