قوباد تاڵەبانی داوای جێبەجێکردنی رێبازی مام جەلال دەکات، نەک هەڵواسینی وێنەکانی

قوباد تاڵەبانی فەرمان دەکات وێنەیەکی " مام جەلال" لە سەرای سلێمانی لاببرێت، داواش دەکات " ئەگەر مام جەلالمان خۆش دەوێت، با بەکردەوە بیسەلمێنین کە درێژەپێدەری رێبازی مامین، نەک بەهەڵواسینی وێنەکەی".


لە پۆستێکدا لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک قوباد تاڵەبانی وەڵامی ئەوانە دەداتەوە کە رەخنەیان لەسەر  داگرتنی وێنەیەکی "مام" لێگرتووەو دەڵێت" 
لەگەڵ ئەوەدام ئەگەر مام جەلالمان خۆش دەوێت، با بەکردەوە بیسەلمێنین کە درێژەپێدەری رێبازی مامین، با هەوڵ بدەین خەون و رۆئیاکانی مام بەدی بهێنین، با لە کار و کردەوەی رۆژانەماندا رێباز و وتەکانی ماممان لە بیربێت و جێبەجێی بکەین، نەک بە هەڵواسینی وێنەیەک پێمانوابێت وەفامان بۆ مام جەلال نیشان داوە".


قوباد تاڵەبانی لە درێژەی نووسینەکەیدا، جەخت دەکاتەوە " مام جەلال سەرکردەیەکی مەزنی گەلی کورد بوو، بەڵام لە هەمان کاتیشدا رەنگە هەندێک کەس رەخنەیان لێی هەبێت، هەربۆیە وەرن لە جیاتی ئەوەی وێنەی مام جەلال لە شوێنە گشتییەکاندا هەڵواسین، خۆمان جێبەجێکاری رێبازی مام بین، ئەمەیە دڵسۆزی بۆ مام..".

 
لە بەردەرکی سەرای سلێمانی وێنەیەکی مام جەلال سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لابرا، ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی لەسەر لابردنی وێنەکە بە میدیاکانی رایگەیاند،"لەسەر فەرمانی كاك قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان وێنەكەی مامجەلال لەبەردەركی سەرا لابرا. ئەمەش وەک قوباد تاڵەبانی باسی دەکات لەلایەن هەندێک کەسەوە رەخنەی لێگیراوە.

لە هەرێمی کوردستان وێنەی تاڵەبانی و مەلا مستەفاو مەسعود بارزانی لەزۆربەی دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەت و شوێنە گشتیییەکان هەڵواسراوە، لایەنگرانی حیزبی ئەو دوو سەرکردەیە بەلایەنەوە کارێکی پەسەندەو، هەندێکی تر ئاسایی تەماشای ئەم پرسە دەکەن، هەندێکی تریش پێیان باش نییە.

 


PM:11:50:06/10/2019