سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا: پێویستە ترەمپ لە بڕیارەکەی پاشگەز بێتەوە

لە ڕاگەیەندراوێکدا سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بەتووندی ئیدانەی بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کشانەوە لە سوریا دەکات و دەڵێت" پێویستە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بڕیارەکەی پاشگەز بێتەوە".

ئەمشەو دووشەممە ٧ ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ نانسی پیڵۆسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایدەگەیەنێت: بڕیارەكەی ترەمپ جێگەی نیگەرانییەكی زۆرە و ناپاكییە بە كوردانی هاوپەیمانمان، كە هاوبەشێكی گرنگ بوون لە ئەركی لەناوبردنی داعش. 

هەروەها سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دەڵێت" جارێكی تر ترەمپ لە هەوڵێكی بێمێشكانەیدا بۆ هێوركردنەوەی سەركردەیەكی پاوانخواز، وەك ئاماژەیەك بۆ رەجەب تەیب ئەرۆدغان، سەرۆكی توركیا دەست لە هاوپەیمانێك بەردەدات". 

هەر لەڕاگەیەندراوەکەدا نانسی پیڵۆسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا  جەختیشیكردەوە: كە ئەو بڕیارە دەبێتە هەڕەشەیەكی مەترسیدار بۆ ئاسایش و سەقامگیری ناوچەیی و پەیامێكی مەترسیداریشە بۆ ئێران و روسیا و هاوپەیمانەكانیشمان، کە دەبێت ترەمپ لەو بڕیارە مەترسیدارەی پاشگەز بێتەوە. 

ئەوش لەکاتێکدایە دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، کە شەوی رابردوو یەکشەممە 6-10-2019 ئەنجامدرا، کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکیدا ئاماژەی بەوەکرد، بەمزووانە تورکیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەستپێدەکات.

راگەیەدراوەکەی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەدابوو، هێزەکانی ئەمریکا بەشداریی لە ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا ناکەن و هاوکاری نابن، هاوکات بەربەستیش بۆ ئۆپەراسیۆنەکە دروستناکەن.

 

ئەو راگەیەندراوەی کۆشکی سپی و دواتریش چەند توویتێکی دۆناڵد ترەمپ کاردانەوەی بەشێک لە وڵاتان و سیاسەتڤانانی لێکەوتەوە.




PM:10:58:07/10/2019