بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا ڕەتیدەکاتەوە تورکیا هێرشەکەی بۆ سەر سووریا دەست پێکردبێت



ئەمڕۆسێ شەممە ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی کە ناوی ئاشکرا نەکراوە بە کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی ڕاگەیاند" تاوەکو ئێستاش ئەو ٥٠ سەربازە ئەمریکییەمان لە سنوری تورکیا و باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا ماوون و هێشتا ئەمریکا بە تەواوەتی نەکشاوەتەوە و چاودێری ناوچەکە دەکەن".

بەرپرسە ئەمریکییەکە دەشڵیت: تاکو ئێستا تورکیا دەستی نەکردووە بەو هێرشەی کە خۆی باسی کردووە و هیچ جوڵەیەکی سەربازی ئەنجام نەداوە، هەروەها ئەوەی ئێمە کردوومانە ڕێکخستنەوەی پەیکەری سەربازی سوپاکەمان بووە نەک ڕێخۆشکردن بۆ هێرشی تورکیا. 

لێدوانەکەى ئەو بەرپرسە باڵایەى ئەمریکا دوای ئەوە دێت کە شەوی ڕابردوو دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند" لەبڕیاری کشانەوەی هێزەکانیان لە سوریا پاشگەزنابێتەوە و لە ئێستادا تەنها ٥٠ بۆ ١٠٠ سەربازمان لە ئەندامانی تیمە تایبەتەکان لەسوریادا ماوون و ئەوانیش لە ناوچە سنورییەکان دەگوازرێنەوە بۆ ناوچەکانی دیکەی ناو سوریا، بەڵام تورکیاش هەر سنورێک ببەزێنێت لە سوریا ئابووری تێک دەشکێنین". 


















AM:10:49:08/10/2019