جێگری سەرۆك كۆماری توركیا، وەڵامی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا دەداتەوە كە وتبووی " ئەگەر تورکیا کارێک بکات کە من بە ژیریی بێپایانی خۆم پێموابێت سنووری بەزاندووە، ئەو کاتە ئابوورییەکەی بە تەواوی وێراندەکەم و لەناویدەبەم".
فوئاد ئوكتای، جێگری سەرۆك كۆماری توركیا لە وەڵامی ترەمپدا ڕایگەیاند وڵاتەكەی بۆ جێبەجێكردنی پلانەكانی گوێ بە هەڕەشەكان نادات و وتی "توركیا ئەو وڵاتە نییە دوای هەڕەشەكان هەڵوێستی خۆی بگۆڕێت".
دوێنێ لە تویتێكدا دۆناڵد ترەمپ نوسیویەتی، "هەروەك چۆن پێشتریش وتوومە و ئێستاش دووپاتیدەكەمەوە، ئەگەر توركیا كارێك بكات كە من بە ژیریی بێپایانی خۆم پێموابێت سنووری بەزاندووە، ئەو كاتە ئابوورییەكەی بە تەواوی وێراندەكەم و لەناویدەبەم".
ترەمپ لە بەشێكی دیكەی توویتەكەیدا رایگەیاند، "دەبێت توركیا و وڵاتانی ئەوروپا و وڵاتانی دیكەش ئاگاداری چەكدارە داعشە دەستگیركراوەكان و خانەوادەكانیان بن، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا زیاتر لەوە كاریكردووە كە هەركەس پێشبینیكردبێت، لەوانەش كۆنترۆڵكردنەوەی 100%ـی خەلافەتەكەی داعش، ئێستا كاتی ئەوەیە كە وڵاتانی دیكەش لە ناوچەكە، لەوانەش دەوڵەمەندەكان، سنووری خۆیان بپارێزن".