بڵێسە جەبار فەرمان: ئومێدی هەڵبژاردنی پارێزگارێکی نوێ بۆ كەركوك لەباربرا

بڵێسە جەبار فەرمان رایدەگەیەنێت، بەهۆی بڕیاری سڕكردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە، ئومێدی هەڵبژاردنی پارێزگارێکی نوێ بۆ كەركوك لەباربرا.

بلێسە جەبار فەرمان، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی لەبارەی سركردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان رایگەیاندوە، ئەمڕۆ لەپەرلەمانی عیراق چەند بریارێكی هەنوكەیی درا لەسەر رۆشنایی ئەو هەلومەرجەی عیراقی گرتۆتەوە.

ئاماژەی بەوەشكردوە، لیژنەی پەیوەندیدار بەدۆخی خۆپیشاندانەكان چەند پێشنیارێكی خستەروو كە دەنگیان لەسەر درا و كران بە بریار و راسپارده بۆ حكومەت.

لەبارەی بڕیاری سڕكردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بڵێسە جەبار فەرمان ڕایگەیاند: یەكەم بەپێی یاسای ئەنجومەنی پارێزگاكان ژمارە (۲۱)ی ساڵی ۲٠٠۸ ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ناگرێتەوەو تایبەتمەندی و دەسەڵاتی سڕكردنیان دەگەڕێتەوە بۆ پەرلەمانی كوردستان.

بلیسە جەبار فەرمان دەشڵێـت، ئەم بڕیارە ئومێدی هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێی كەركوكی لەباربرد، چونكە بەپێی رێكەوتنی یەكێتی و پارتی بۆ دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ كەركوك لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكەوە دەبوایا دەنگی لەسەر بدرێت، بەم بڕیارەی پەرلەمانی عیراق ئەو هەوڵە كۆتایی هات.


PM:07:19:08/10/2019