ترامپ لە کورد نیگەرانە
"لە جەنگی دووەمی جیهانی لەگەڵمان نەبوون"

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گلەیی لە کورد دەکات کە لە جەنگی دووەمی جیهانی و هەروەها شەڕی نۆرماندی هاوکاری ئەمریکایان نەکردووە، دووبارە هەڕەشەش لە تورکیا دەکات.

 

پاش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا چەند توتێکی کرد کە نوێترینیان کاتژمێرێک لەمەوبەر بوو تیایدا گلەیی لە کورد دەکات لەوەی یارمەتی ئەمریکای نەداوە لە جەنگی دووەمی جیهانی و دەڵێت "ئەوان لە جەنگی دووەمی جیهاندا هاوکاری ئێمەیان نەکردووە، ئەوان لە نۆرماندی هاوکاری ئێمەیان نەکردووە، بەڵام ئێمە لە رووی پێدانی چەک و پارەوە هاوکاریمان کردوون و سەرباری هەموو ئەمانەش ئێمە هێشتا کوردمان بە دڵە".

هاوکات ترامپ لە توویتێکدا رایگەیاندووە، لەترسی لەدەستدانی کۆنترۆڵی کورد، یانیش تورکیا بەسەر چەکدارەکانی داعش، دوو چەکداری مەترسیداری داعشیان بردووەتە لای خۆیان، دوو چەکدارەکە بە بتڵز ناسراون و لە سووریا بەرپرس بوونە لە سەربڕینی خەڵک، بۆیە ئێستا لە شوێنێکی ئەمنی پارێزراودان لەلایەن هێزەکانی ئەمریکا.

هاوکات شەوی رابردوو بۆ جاری سێیەم هەڕەشەی تووندی لە سەرۆک کۆماری تورکیا کرد و رایگەیاند، ئەگەر ئەردۆغان لەو ئۆپەراسیۆنەی کە لە باکووری سووریا ئەنجامی دەدات لە سنووری خۆی دەربچێت، لە سزاسەپاندن خراپتری بەسەردێنم.

هەروەها چەند کاتژمێرێک دوای دەسپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا دۆناڵد ترامپ رایگەیاند ئەوان بە روونی بە تورکیایان وتووە ئەنجامدانی ئەو ئۆپەراسیۆنە کارێکی هەڵەیە، "تورکیا کە ئەندامی ناتۆیە سووریای داگیرکرد، تورکیا پەیمانی داوە پارێزگاری لە خەڵکی سڤیل و کەمایەتییە ئاینییەکان لەنێویاندا کریستیانەکان بکات و بەوەش هیچ قەیرانێکی مرۆیی روونادات". 


 




AM:08:33:10/10/2019