٥٨ ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا لەبارەی هەسەدە نامەیەک ئاراستەی ترەمپ دەکەن



٥٨ ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا نامەیەک بە واژۆی خۆیانەوە لەبارەی هەسەدە و وڵات کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاتەکەیان دەکەن و لەنامەکەدا دەڵێن: ناتوانن لەگەڵ هۆکاری ناسەقامگیری زیاتری ناوچەکەبن، بەتایبەتیش کە ئێستا ١١ هەزار چەکداری داعش لە زیندانەکانی هەسەدەن لە باکووری سووریا. 

جاسۆن کرۆو، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی توویتەر نامەکەی بڵاوکردووەتەوەو دەڵێت" دوو شت لە زۆنی شەڕدا گرنگن: یەکەمین نابێت پشت لە هاوپەیمانەکانت بکەیت و هەروەها هەمیشە پلانێکیشت هەیە، من ئەوە دەزانم و خزمەتم کردووە".

هاوکات لە نامەی ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکادا هاتووە: ئێمە لەو بڕوایەداین کە بڕیارەکەی تۆ بۆ کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە گۆڕانکاری بەسەر هاوبەشەییەکەمان لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات دەهێنێت و هەروەها هەوڵەکانی دژ بە داعش دەخاتە مەترسییەوە. بڕیارەکەی کۆشکی سپی دەبێتە هۆکاری ناڕوونی زیاتر لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا و هەروەها پرسیاری متمانەکردن و جێباوەڕبوون بە ئەمریکا وەک هاوبەشێک لەلایەن هاوپەیمانەکانمان دروستدەکات. 

هەروەها کۆنگرێسمانەکان لە نامەکەیاندا ١٠ پرسیاریان سەبارەت بە بڕیارەکەی، دۆخی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی تورکیا ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاتەکەیان کردووەو داوای وەڵامدانەوەیان لێکردووە. 





PM:02:40:11/10/2019