کچە گەورەکەی سەدام حوسێن پەیامێک بۆ سەرۆکی ئەمریکا دەنێرێت



کچە گەورەکەی سەدام حوسێن پەیامێک بۆ سەرۆکی ئەمریکا دەنێرێت و دەڵێت" کێ قەرەبووی خوێنی باوکم، براکانم و کورە برایەکەم دەکاتەوە؟ کێ قەرەبووی گەلی عێراق دەکاتەوە؟".

رەغدی کچە گەورەی سەرۆکی لەسێدارەدراوی رژێمی بەعسی عێراق ئەمڕۆ شەممە ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ لە واڵی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تیوتەر" ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت: کێ قەرەبووی خوێنی باوکم، براکانم و کورە برایەکەم دەکاتەوە؟ کێ قەرەبووی گەلی عێراق دەکاتەوە؟ 

هاوکات رەغد سەدام حوسێن لە ڕاگەیەندراوەکەدا دەشڵێت: بڕیاری رووخاندنی رژێمی بەعس بڕیارێکی ستەمکارانە بووە و ئەوەی ئێستاش لە عێراق دەگوزەرێ، ئەنجامی ئەو بڕیارەیە.

لە ساڵی ٢٠٠٣، جۆرج دەبلیو بوش، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا بڕیاری رووخاندنی رژێمی بەعسی عێراقی، کە سەدام حوسێن سەرۆکایەتی دەکرد، دا.

لە ئەنجامی شەڕەکەدا، کە لە ١٩/٣ تا ١/٥/٢٠٠٣ بەردەوام بوو، رژێمی سەدام حوسێن رووخێندرا و زۆرینەی بەرپرسە باڵاکانی ئەو رژێمەش، بە سەدام حوسێنەوە، دەستگیر کران. 





PM:03:20:12/10/2019