ئەمڕۆ شەممە بڕیاربووە رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لەکەلار کۆبوونەوەیەک لەگەڵ هەڵسوڕاوانی گۆڕان لەو شارە رێکبخات، بەڵام لەلایەن ژمارەیەکە کەسەوە تێکدراوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی مەکۆی کەلاری بزوتنەوەی گۆڕان، ئاماژە بەوە دەکات ” دوای ئەوەی ئەمڕۆ (شەممە) عومەری سەید عەلی، ڕێکخەری گشتی گۆڕان و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن سەردانی کەلاریان کرد و بەنیاز بوون لە هۆڵی بۆنەکان لەگەڵ هەڵسوڕاوانی دەڤەرەکە گفتوگۆ بکەن، بەڵام زۆر بەداخەوە و دور لە رەوشتی بەرزی گەرمیانیەکان و گۆڕانخوازان، چەند کەسێک کە هەندێکیان هەڵسوڕاوی گۆڕانیش نەبوون، کەشوهەوای کۆبوونەوەکەیان تێکداو هێرشی ناڕەوایان کردە سەر میوانەکان و هەڵسوڕاوانی بەشدار بوو”.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، ئەو گروپە کە چەند رۆژێکە پلان بۆ ئەو کارە تێکدەرانەیان دەکەن، بە دەمانچەو چەقۆ و بۆمبی دەستی و دەمانچەی کارەبایی، ئارامی هۆڵەکەیان تێکداو بەشێک لە کەرەستەو کەلوپەلی هۆڵەکەیان شکاند.
مەکۆی گۆڕان لە کەلار ئەوەشی خستووەتەڕوو: ” ئێمە لە کاتێکدا لەگەڵ هەموو جۆرە رەخنەیەکی بنیاتنەرانەین ، بەڵام ئەو کارە بە هەنگاوێکی تێکدەرانەی نامۆ و گوماناوی ئەزانین و ناچارین هەمو رێکارێکی ئسوڵی و یاسایی دژ بەو کەسانە و هاندەرەکانیان بگرینە بەر، بەدڵنیایشەوە هاندەر و پلانداڕێژەرانی ئەو کردەوە تێکدەرانەیە، جگە لە ڕسوایی و داڕوخانی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی، هیچ ئاکامێکی تر بەدەست ناهێنن”.
.